هەشتا خێزانی كەركووك ئاوارەی سنووری سۆران بوونە

 	 هەشتا خێزانی كەركووك ئاوارەی سنووری سۆران بوونە
دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ كەركووك، 80 خێزانی كەركووك ئاوارەی سنووری سۆران بوونە و ڕۆژانەش ئەو ژمارەیە ڕوو لەزیاد بوونە، خەڵكی ناوچەكەش دەرگای ماڵەكانی خۆیان بۆ ئەو خەڵكە واڵا كردووە و بوونەتە میوانی خەڵكی ناوچەكە.

(عەباس ئەمیر)، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''80 خێزان، كە زیاتر لە 350 كەسن، لە كەركووكەوە ڕوویان لە سۆران كردووە، هیچ ڕێكخراوێكی بیانی، تەنانەت وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیش ئاوڕی لێ نەداونەتەوە و پەیوەندیی ئێمەش وەڵام نادەنەوە، بۆ ئەوەی هاوكاریی خەڵكی ئاوارەبووی ناوچەكە بكەن.''

(ئەمیر) گوتیشی: ''لەبری لایەنە پەیوەندیدارەكان خەڵكی ناوچەكە و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیی ناوچەكە كۆمەك و هاوكاریی زۆریان بۆ خەڵكی كەركووك كۆ كردووەتەوە، هەرشتێك كە ئاوارەكان پێویستیان بێت، وەری دەگرن.''

(ئەمیر) ڕوونیشی كردەوە: ''خەڵكی سۆران میواندۆستن، هەموو ئەوانەی كە ڕوویان لە ناوچەكە كردووە، بوونەتە میوان لای خەڵكی ناوچەكە و هیچ لەوانەی ڕوویان لە سنووری سۆران كردووە لە خانووی كرێدا نین و لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە پێكەوە دەژین، ئەگەر خەڵكی دیكەش هەبێت، شوێنمان بۆ ئەوان هەیە.''
kdp-
Top