کەرەم: ئەمەریکا ھۆشدارییەکی توندی داوەتە حەشدی شەعبی

 	 کەرەم: ئەمەریکا ھۆشدارییەکی توندی داوەتە حەشدی شەعبی
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەمەریکا هۆشدارییەکی توندی داوەتە حەشدی شەعبی، کە ئەگەر پێشڕەوی بکەن ئەوا لێیان دێنە دەنگ.

ئێستا لە سەرجەم میحوەرەکان شەڕ ڕاگیراوە، پێشمەرگە لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەیهێشت، کە حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق هیچ پێشڕەوییەک بکەن. دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی داوای دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدای کرد، دوێنێ یەکەم دانیشتنی شاندیکی سەربازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ئەنجام درا.

ئێستا کە شەڕ ڕاگیراوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، (عەرەفات کەرەم) دەڵێت: ''گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەستی پێ کردووە و ئێستا لەسەر ڕاگرتنی شەر ڕێک کەوتوونە و دڵنیاشم دانوستانەکان ئەنجامی دەبێت، بەڵام ھەندێک کاتی دەوێت، لەبەر ئەوەی شەڕ کراوە پێویستی بە کات ھەیە تا دۆخەکە ھێور دەبێتەوە.''

(عەرەفات کەرەم) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕوونی دەکاتەوە: ''ئێستا وڵاتان ھاتوونەتە سەرخەت، لەوانە ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و فەرەنسا و تورکیاش پێی خۆشە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بە دانوستان و دیالۆگ چارەسەر بکرێن، چونکە چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەرژوەندیی ھەرێم و بەغدا و وڵاتانیشدایە، بۆیە ھەموو وڵاتان بەو شەڕەی دەکرێت، نیگەرانن.''

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی جەنگیشدا پێداگریی لەسەر ئاشتی و دیالۆگ کردووەتەوە، بە باوەڕی (کەرەم)، بەغدا ناتوانێ شەڕ ڕابگەیەنێت، چونکە ئێستا چاوی جیهان لەسەر دیالۆگە و ئەگەر بەغدا شەڕی بوێت، ئەوا پێشێلی جیهان دەکات.''

بە گوێرەی لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، (ریکس تیلەرسن) دەبێ (حەیدەر عەبادی) حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە، یان ڕەوانەی ئێران بکرێنەوە، لەوبارەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: ''(عەبادی) کەوتووەتە نێوان دوو بڕیارەوە، لەبەر ئەوەی ئەمەریکا داوای ھەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکات و ئێرانیش ڕەتی دەکاتەوە، بۆیە سەرۆکوەزیران پێویستە خۆی یەکلایی بکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەمەریکا جێگری فەرماندەی گشتیی حەشدی شەعبیشی وەکو تیرۆرست ناساندووە.''

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق جەختیشی کردەوە: ''حەشدی شەعبی بە ھۆی گوشارەکانی ئەمەریکا شەڕی ڕاگرتووە، چونکە ئەمەریکا پەیامێکی توندی داوە بە حەشدی شەعبی و فەرماندەیەکی ئەوانی بە تیرۆریست ناساندووە، بۆیە ترساون و ناتوانن زیادەڕۆیی بکەن، لەبەر ئەوەی دەزانن ئەمەریکا زیاتر دێتە سەر خەت و نیگەرانیش لە لای ئیدارەی سەرۆکی ئەمەیکا ھەیە، کە چەکی داوە بە حەشدی شەعبی دژی کورد بەکاری دێنێت و بینیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم چ کارەساتێکیان دروست کرد.''
kdp-
Top