پەرلەمانتاران جەخت لە یەکڕیزیی نێوماڵی کوردستان دەکەنەوە

 	 پەرلەمانتاران جەخت لە یەکڕیزیی نێوماڵی کوردستان دەکەنەوە
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ بۆ كورد گرنگە، یەكڕیزیی ناوماڵی كوردە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ئەمڕۆ كورد ڕیزەكانی خۆی ڕێك دەخاتەوە و نێوماڵی كورد پتەوتر دەبێت. هاوكات (جەودەت نەجار)، ئەندامی سەربەخۆی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە پێویستە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن.

(نازم هەركی)، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر باشووری كوردستان، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەگێڕنەوە، بەڵام ئەگەر ڕیفراندۆمیش ئەنجام نەدرابایە، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە سەرپەرشتیی پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵا و ئەو ڕێككەوتنەی هەرێمی لەگەڵ عێراق هەیە، هەر هێرشیان دەهێنایە سەر هەرێمی كوردستان.''

(نازم هەركی) گوتیشی: ''پاش دەستپێشخەریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێچەوانە بووەتەوە، پشتگیری لە دەستپێشخەریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە ئەگەر حكوومەتی عێراق بە پیر بانگەوازی حكوومەتی هەرێمەوە نەیات، زەرەرمەند دەبێت. ئەوەی ئەمڕۆ بۆ كورد گرنگە، یەكڕیزیی ناو ماڵی كوردە، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ دەبینین كورد ڕیزەكانی خۆی ڕێك دەخاتەوە و ناوماڵی كورد پتەوتر دەبێت، درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیش هەر بۆ ڕێگری بوو لە دروستبوونی دوو ئیدارەیی، بۆیە ئێمە گەشبینین، كە ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە نامێنێت و ڕەوش ئاسایی دەبێتەوە، چونكە چركە بە چركە هەڵوێستی وڵاتان دەگۆڕێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندایە.''

لە لایەكی دیكەوە، (جەودەت نەجاڕ)، ئەندامی سەربەخۆی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیاریی كرد: ''بۆ ئەو بارودۆخەی كە ئەمڕۆ هاتووەتە ئاراوە، پێویستە بە دەرجە یەك لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بۆیە ناكرێت لەو بارودۆخەدا لایەنە سیاسییەكان هەر یەكەو بە عاقارێكدا بڕۆن، ئەمڕۆ كوردستان پێویستی بەوە هەیە، كە كۆدەنگییەك دروست بێت، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەو دۆخە تێبپەڕێنین، بۆیە یەكڕیزیی ئێمە زۆر گرنگە، گرنگ ئەوەیە كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یەكهەڵوێست بن و كێشەكانیان بەلاوە بنێن، لەبەر ئەوەی ئێمە لە قۆناغێكی ناسكداین، ئەگەر یەكگرتوو بین لە ماوەیەكی دیاریكراودا سەركەوتوو دەبین و ئەو دۆخە تێدەپەڕێنین، بەڵام ئەگەر هەر بەو شێوەیەی ئێستا بین و شپرزە بین، كارەكانمان كەمێك زەحمەت دەبن.''

(جەودەت نەجاڕ) ئاماژەی بەوەش كرد: ''خۆشبەختانە ڕەوەندی كوردستانی لە دەرەوە و دۆستەكانی ئێمە لە وڵاتانی جیهان هەڵوێستێكی زۆر جوانیان هەبوو بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر وڵاتە زڵهێزەكان دروست بكەن، بەتایبەتی ئەمەریكا، چونكە بۆ ئێمە ئەمریكا گرنگ بوو، فەرەنسا گرنگ بوو، خۆشبەختانە زمانی دیپلۆماسی ئەوانە بەرەو ئەوە ڕۆیشت، كە پشتگیری لە گەلی كورد بكەن، بۆیە زۆر گرنگە ئەوانە نێوەنگیری بكەن لە نێوان ئێمە و بەغدادا بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بگەین بە چارەسەر.''
kdp-
Top