سەنتەری ئاسایشی مرۆیی لە لەندەن: کوردەکان مەترسیی جینۆسایدیان لەسەرە

سەنتەری ئاسایشی مرۆیی لە لەندەن: کوردەکان مەترسیی جینۆسایدیان لەسەرە
سەرۆکی سەنتەری ئاسایشی مرۆیی لە لەندەن، (جوولی لینرەز) دەڵێت، کوردەکان مەترسیی جینۆسایدیان لەسەرە و ڕەخنەش لە سەرۆکی ئەمەریکا دەگرێت، کە بێدەنگە و بە پێویستی دەزانێت، نابێ بهێڵێت، جینۆسایدێکی دیکە بەسەر گەلی کورددا بێت.

(جوولی لینرەز)، کە پسپۆڕە لە فکری تیرۆری ئیسلامی و سەرۆکی سەنتەری ئاسایشی مرۆییە لە لەندەن، هۆشداریی دا لە ئەگەری جینۆسایدیکی دیکەی کورد لەسەر دەستی میلیشیا ئیرانییەکان لە عێراقدا و بە پێویستیشی دەزانێت، ئەو هۆشدارییە بەهەند وەرگیرێت، کوردەکان ترسێکی دیکەیان لەو جینۆسایدە هەیە، کە بە دەستی میلیشیای شیعەی عێراقیی پاڵپشتیکراوی ئێران کارەساتبار بێت. ڕەخنەش لە (دۆناڵد ترامپ) دەگرێت، کە نابێ بهێڵێت ئەو جینۆسایدە ڕوو بدات.''

ئەم هۆشدارییەی (جوولی لینرەز) لە کاتێکدا دێت، کە لەم دواییانەدا حەشدی شەعبی بە هاوکاریی ئێران دەستی بەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا گرت و دەستیان کرد بە تاڵانکردن و بردنی ماڵی خەڵک و مەترسییان بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دروست کرد.

لە هەمانکاتدا، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خورماتوو، (حەسەن بارام) دەڵێت: ''حەشدی شەعبی سەدان خانووی لە خورماتوو خاپوور کردوون و خەڵکی شەهید و بریندار کردوون. بە گوێرەی قسەکانی (حەسەن بارام)، کە بۆ میدیاکان ڕایگەیاندووە، خورماتوو ئەنفال کراوە.''

ئەمە لە کاتێکدایە، کە لە کەرکووک بە گوێرەی ئامارێکی (دیندار زێباری)، بەرپرسی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: ''لە کەرکووک و خورماتوو حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق نزیکەی ٦٠٠ هاووڵاتیی سڤیلیان شەهید کردوون.''

ئامارە فەرمییەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە تێکڕای ئاوارەکانی کەرکووک بۆ هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥٠ هەزار کەسە. سەبارەت بە سنووری زوممار و ڕەبیعە و شنگالیش بەرپرسی ڕاگەیاندنی بۆردی کاروباری مرۆییی پارێزگای دهۆک، (سالم سەعید)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بە هۆی کردەوەکانی حەشدەوە، ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار کەس ئاوارە بوون، کە دەکاتە زیاتر لە ١٨٠٠ خێزان و لە کەمپەکانی قەزا و ناحیەکانی پارێزگای دهۆکدا نیشتەجێ بوونە.''

(سالم سەعید) گوتیشی: ''ئەو خێزانانەی کە ئێستا ئاوارە بوون، ئەمە دوو جارە ئاوارە دەبن، ئەوان خەڵکی شنگال و زوممار و ڕەبیعە بوون، پێشتریش لەبەر داعش هاتبوونە کەمپەکانی دهۆک، کاتێک ناوچەکانیان لە ژێر دەستی داعش ڕزگار کرا، گەڕابوونەوە ناوچەکانیان، بەڵام کاتێک میلیشیاکانی حەشد هاتن، دووبارە ئاوارەی پارێزگای دهۆک بوون.''

لە ١٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە هاوکاریی ئێران هێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکان و چەکیان بەرانبەر گەلی کورد بەکار‌ هێنا، ئەمە لە کاتێکدایە دژی هەموو پیوەرە یاسایی و دەستوورییەکانە.''

بە گوێرەی دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەر شوێنێکی دنیادا ئەگەر هاووڵاتی سڤێل هێرشی دوژمنکاریی کرایە سەر، بە کوشتن و قڕکردن و ئاوارەبوون، ئەوا دەبێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی حاڵەتەکە دیاری بکات و هۆشداری بدات، ئەگەر هێرشە دوژمنکارییەکە هەر نەوەستا، ئەوا ئەنجومەنی ئاسایش بۆی هەیە ئەو هێرشە دوژمنکارییە ڕابگرێت، بە هێرشی ئاسمانی بێت، یان زەوینی، یانیش بە ناردنی هێزی ئاشتیپارێز بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی سڤیل.

لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری دیالۆگی بۆ هەولێر و بەغدا دەرکرد، لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوای ڕاگرتنی شەڕیان کرد.

شارەزایانی کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی دەڵێن، ئەگەر بەغدا پێشێلکاریی زیاتر بکات، ئەوا بەدوور نازانرێت، کە ئەنجومەنی ئاسایش هۆشدارییەکی توندیان پێ بدات و لە ئەگەری بەردەوامبوونی زیاتریان ئەنجومەن دەستی واڵا دەبێت، بۆ فەڕزکردنی هەر سزایەک بەسەر عێراقدا.
kdp-
Top