مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەو فەرماندانە لادەدات کە کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکان کرد

 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەو فەرماندانە لادەدات کە کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکان کرد
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، ڕێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو فەرماندانەی حزبەکە دەگرێتە بەر کە بە بڕیاری پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی، کەرکووک و خورماتوویان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران کرد.

لەمبارەیەوە ڕزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: ”هەرچەندە من لە کۆبوونەوەکەدا نەبووم، بەڵام مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە بۆ ڕووداوەکەی کەرکووک“. باسیشی لەوە کرد کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبەکە بەرزترین دەسەڵاتی لەنێو یەکێتیدا هەیە، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر بخاتە ڕوو.

لێژنەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەستی بەکار کردن کردووە و ئەگەر هەیە ژمارەیەک فەرماندەی پێشمەرگە لە هێزەکانی سەر بە یەکێتی لابدرێن و بەشێکیشیان ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت. لەمبارەیەشەوە عەبدوڵا بۆر، فەرماندەی پێشمەرگە لە هێزەکانی سەر بە یەکێتی ڕایگەیاند: ”ئەوەی کەمتەرخەم بووە، دەبێت سزا بدرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت“.

لەلایەن خۆیەوە قادر وەتمان، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێژنەی پێشمەرگە، ڕایگەیاند، یەکێتی مافی خۆیەتی لێژنەیەک بۆ ئەم مەبەستە دروست بکات". باسیشی لەوە کرد کە هێزەکانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە سەرپەرشتی دەکرێن، بۆیە ئەو دوو حزبە دەتوانن لێژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکان دروست بکەن. گوتیشی: ”حزب پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، ئەوەش شتێکی ئاساییە ئەگەر یەکێتی گۆڕانکاری لە فەرماندەکان بکات، ئەمەش رەنگە ڕووبدات".

هەرچەندە فەرماندە باڵاکانی یەکەی حەفتای پێشمەرگە ئاشکرایان کردووە کە فەرمانیان پێکراوە بکشێنەوە. فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەردا کە هێشتا کەرکووک بە تەواوی ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران نەکرابوو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەوڵەکە لە ڕێگەی گرووپێکی نێو یەکێتییەوە بەڕێوە دەچێت. هەروەها کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە ڕۆژی 18/10/2017 لە پەیامێکدا ئاشکرای کرد ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“. زانیارییەکانی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەریەک لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهور جەنگی، ئاراس جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ڕەفعەت عەبدوڵا و ئاسۆ مامەند)، سەرکردایەتیی ئەو گرووپەی یەکێتی دەکەن کە کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کردووە، بەڵام هێشتا نازاندرێت ئاخۆ بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەو کەسانە دەگرێتەوە یان نا؟










باسنیوز
Top