ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەسەر بابەتی وەرگرتنی پارەی پاراستنی ژینگە كۆ دەبێتەوە
خانزاد یووسف، جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: "سبەی دووشەممە 30/10/2017 لێژنەی دارایی و شارەوانی لەسەر ئەو بڕیارەی كە نزیكەی ساڵێكە وەزارەتی شارەوانی دەری كردووە، تا پارەی پاراستنی ژینگە لە دووكاندارەكان وەربگرن، كۆبوونەوە ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی بگەنە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەسەر ئەو بابەتە".
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، لە سەرەتای دەرچوونی ئەو بڕیارەوە تا ئێستا تەنیا لە پارێزگای هەولێر بڕیارەكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە هەریەكە لە شارەكانی سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە جێبەجێ نەكراەوە، بۆیە پێشنیارێك بۆ ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی دەكرێ بۆ ئەوەی بڕیارەكە لە هەموو پارێزگاكان بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، یان لە هەولێریش ئەو بڕیارە كاری پێ نەكرێت، چونكە بڕیارەكە لەسەر هیچ پێوەرێك دانەنراوە، چونكە هەندێ نۆرینگەی پزیشكی هەیە 100 هەزاریان لێ وەردەگیرێت، هەندێ جێگای دیكە 50 هەزار، هەندێ دووكان كە سێ سەلەی خۆڵی دانابێت بۆ هەر سەلەیەك 10 هەزاری لێ وەردەگیرێت."
جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكراشی كرد: "ئەم هەفتەیە جگە لە كۆبوونەوەی لێژنەكان، هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام نادرێت".
باسنیوز
