سەرۆک بارزانی پێشنیازی ئەنجومەنی شورا بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی ڕەت دەکاتەوە

 سەرۆک بارزانی پێشنیازی ئەنجومەنی شورا بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی ڕەت دەکاتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشنیازێکی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی و درێژکردنەوەی وادەکەی ڕەت دەکاتەوە، بەو هۆیەوە دەسەڵاتەکانی بەسەر چەند دامەزراوەیەکدا دابەش دەکرێت.

بڕیارە کاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 29/10/2017، پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە. لەمبارەیەوە نازم ھەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا نامەیەکی سەرۆک بارزانی دەخوێنرێتەوە، ھەروەھا پرۆژەیاسایەک بۆ دابەش کردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەسەر ھەریەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان ئامادە کراوە".

ئەوەشی خستەڕوو کە نامەکەی سەرۆک بارزانی بەمانای دەست لەکار کێشانەوە نایەت، چونکە دەکرا ماوەکەی درێژ بکرێتەوە، وەک چۆن پێشتر لە پەرلەمانی کوردستانەوە ماوەکەی درێژ کرایەوە، بەڵام سەرۆک بارزانی پێی باش نەبوو ماوەکەی درێژ بکرێتەوە“.

نازم هەرکی ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان پێشتر پێشنیازی ئەوەی کرد کە تا کاتی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، دەکرێ سەرۆک بارزانی لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کاتییە و تا کاتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووە.

پێشتر جەعفەر ئێمنکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کردبوو کە سەرۆک بارزانی نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە و لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا دەخوێندرێتەوە.









باسنیوز
Top