تاقمێكی ناو یەکێتی داوای بڵاو بوونەوەی هێزێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک دەکەن

تاقمێكی ناو یەکێتی داوای بڵاو بوونەوەی هێزێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک دەکەن
ئەو گرووپەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرد، داوا لە هێزەکانی (سەرایا سەلام)ی نێو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکات، لە بری میلیشیاکانی دیکەی حەشدی شەعبی، لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە بڵاو ببنەوە.



ئەبو ڕەزا موسەوی، سەرۆکی دەستەی هێزەکانی سەرایا سەلام کە سەر بە رەوتی سەدرە و یەکێکە لە هێزەکانی نێو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لە لێدوانێکیدا بۆ (بەغداد یەوم)، ڕای گەیاندووە، بەرپرسە یەکێتییەکان لەڕێگەی کوتلەی ئەحراری سەر بە ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، ئەو داوایەیان ئاراستە کردووە.



ئەبوڕەزا موسەوی هەروەها رایگەیاندووە، کە بەرپرسە یەکێتییەکان داوایان کردووە میلیشیای سەرایا سەلام لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لەبری میلیشیاکانی دیکەی حەشدی شەعبی بڵاو بکرێنەوە. دەشڵێت: “ئێمە ئەم داواکارییەمان ئاراستەی موقتەدا سەدر کرد و ئەویش دەتوانێت نامەیەک ئاراستەی ھێزە تەناھییەکانی کەرکووک بکات کە ھێزەکانی سەرایا سەلام ئامادەن بۆ پارێزگاری لە کەرکووک".



سەرۆکی دەستەی سەرایا سەلام بە مەرجی رەزامەندیی حکوومەتی عێراق، ئامادەیی میلیشیاکەی بۆ بڵاو بوونەوە لە کەرکووک نیشا داوە.



ئەم داواکارییەی گرووپەکەی نێو یەکێتی دوای ئەوە دێت کە فشارێکی زۆر لەنێو خۆی کوردستانەوە هەیە و سەرەڕای بانگەشەکانیان بۆ ئارامیی کەرکووک، دەیان هەزار کوردی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، متمانەیان بە گرووپەکەی نێو یەکێتی نەماوە و ئامادە نین بۆ کەرکووک بگەڕێنەوە، بەم هۆیەشەوە ئامانجەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە نهێنییەکە کە خۆی لە خۆیدا پیلانێکی ئێرانە شکست دەهێنێت.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و هەزاران هاووڵاتیی روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.



رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.



حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.








باسنیوز
Top