سه‌ركرده‌یه‌كی كوردى ڕۆژهه‌ڵات دوو ساڵ پێش ئێستا پیلانى ئێرانى دژ به كه‌ركووك و خورماتوو ئاشكرا كرد
دوو ساڵ پێش ئێستا و له‌مانگى تشرینی دووه‌مى 2015، سه‌ركرده‌یه‌كى كوردى ڕۆژهه‌ڵات، له دیدارێكى ڕۆژنامه‌ى (شه‌رقولئه‌وسه‌ت)دا، پیلانێكى قاسم سوله‌یمانى و سوپاى پاسدارانى ئێرانى دژ به شارى كه‌ركووك و خورماتوو، ئاشكرا كردووه، بڕیاریش بووه له‌ڕێگه‌ى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه، جێبه‌جێ بكرێت.
حسێن یه‌زدان په‌نا، جێگرى سکرتێرى پارتى ئازادى کوردستان، به ڕۆژنامه‌كه‌ى ڕاگه‌یاندووه، فه‌یله‌قى قودس، نزیكه‌ى 23 قه‌ناس به‌ده‌ستى له سه‌ر بینا به‌رزه‌كانى خورماتوو داناوه و به‌پێی زانیارییه‌كانیش، ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌رانى فه‌یله‌قه ئێرانییه‌كه سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ن.
هه‌ر ئه‌وكات، ئه‌و سه‌ركرده كورده گوتبووى، ئێران ده‌یه‌وێت له كه‌ركووك و خورماتووه‌وه گورزێك له هێزه‌كانى پێشمه‌رگه بوه‌شێنێت و پلانه ستراتیژییه‌كه‌ى بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كه‌ركووك و بیره نه‌وتییه‌كانى ئه‌و شاره، جێبه‌جێ بكات، به‌دواى ئه‌وه‌شدا ئێران به سووریا ببه‌ستێته‌وه".
له‌باره‌ى پیلانه‌كه‌ى دژ به‌هه‌رێمى كوردستان، یه‌زدان په‌نا، ڕونیكردوووته‌وه: "میلیشیا شیعه‌كان بۆ سێ ئامانج كار ده‌كه‌ن، یه‌كه‌میان به‌ئامانجكردنى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانانه، دووه‌میان لێدانه له هێزه سونه‌كانى عێراق له‌و ناوچانه‌ى شیعه و سونه پێكه‌وه‌ن، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ى كوشتنى سه‌ركرده‌كانیانه‌وه، ئامانجى سێیه‌میش لێدانه له كورد له ڕێگه‌ى جێبه‌جێكردنى پلانه‌كانى تاران به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گشتى و، شارى كه‌ركووك به‌تایبه‌تى".
باسى له‌وه‌ش كردووه، كه میلیشیاكان ده‌یانه‌وێت هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له كه‌ركووك نزیك ببنه‌وه و به بیانووى بوونى شیعه له‌و ناوچانه، ده‌ست به‌سه‌ر شاره‌كه و بیره نه‌وتییه‌كاندا بگرن، گوتیشی: "ئه‌یجنداى میلیشیاكان ئه‌وه‌یه، ببنه به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركووك بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان".
هه‌روه‌ها تاران ببێته هاوبه‌شێكى سه‌ره‌كى له داهاتى نه‌وتى كه‌ركووك، ده‌ستیش به‌سه‌ر خۆرئاواى كه‌ركووك و هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌دا بگرێت كه نه‌وتیان تێدایه، له‌وێشه‌وه ڕێگا بكاته‌وه و بگاته مووسڵ و به‌دواى ئه‌ویشدا داوا له پێشمه‌رگه بكات بكشێته‌وه، به‌وه‌ش ڕێگایه‌كی ڕاسته‌وخۆ و كورت له ئێرانه‌وه بۆ كه‌ركووك و گوێر و مه‌خموور و پاشان شنگال و به‌ستنه‌وه‌ى به سووریا، ده‌كاته‌وه.
له 16ى ئه‌كتۆبه‌رى 2017 و دواى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى كوردستان به‌سه‌ركه‌وتوویی، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى به هاوكارى سوپای پاسداران و حزبوڵڵاى لوبنانى، له ڕێگه‌ى ده‌ستێكه‌ڵكردنى گروپێكى نێو یه‌كێتى، توانییان ده‌ست به‌سه‌ر شارى كه‌ركووك و خورماتوو و چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا بگرن.
bas news-
