محەمەدی حاجی مەحموود: ڕیفراندۆم وەك تاپۆی ڕەشی عوسمانی بەدەست كوردەوەیە

 محەمەدی حاجی مەحموود: ڕیفراندۆم وەك تاپۆی ڕەشی عوسمانی بەدەست كوردەوەیە
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ڕیفراندۆم وەك تاپۆی ڕەشی عوسمانییە بەدەستی كوردەوە.

محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "كورد دەبوو لە سەرەتای شەڕی داعشەوە بیری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان بكردایەتەوە، چونكە ئەوكاتە هەلومەرجەكە گرنگتر بوو، هەورەها بڕوام وایە لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، سەربەخۆییمان ڕابگەیاندایە، ئەوا هێندەی ئێستا باجەكەیمان نەدەدا".

سكرتێری حزبی سۆسیالیست باس لە جیاوازی هەریەكە لە باشووری سوودان، یوگسلافیا، تەیموری ڕۆژهەڵات، لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، دەڵێت: "ئەو وڵاتانە یەكڕیز و یەكدەنگییەك لە ناویاندا بۆ سەربەخۆیی هەبوو، بەڵام لەناو ئێمەدا هەندێك یەكڕیز نەبوو".

محەمەدی حاجی مەحموود ئەوەشی خستە ڕوو: " هەندێك لەو وڵاتانەی پاڵپشتیی سەربەخۆییان بۆ ئەو وڵاتانە كردووە، ئێستا لەوانەیە بەرژەوەندییان لە مافی مرۆڤ زیاتر لا گرنگ بێ، بۆیە پاڵپشتیمان لێ ناكەن".

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە خۆی پێی خۆشە وەك پێشمەرگەیەك پێناسەی بكەیت، ئاشكراشی كرد: "كورد درەنگ بێ، یان زوو بە مافی خۆی دەگات و سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت، چونكە ڕیفراندۆم وەك تاپۆی ڕەشی عوسمانی، تاپۆیەكە بەدەست كوردەوە و دەمێنێتەوە".

لەسەر داگیركردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران كە باڵێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوكاریی كردن و ڕێگای بۆ كردنەوە، محەمەدی حاجی مەحموود، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "هەمیشە حكوومەتەكانی عێراق ویستوویانە كورد بەشبەش بكەن و بۆ ماوەیەكی كاتی كەڵكیان لێ وەرگرتووە و دواتر جێیان هێشتووە".

لە 25ی ئەیلوولی ڕابردوو، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستانی باشور، بە ڕێوەچوو و زیاتر لە 93% دەنگی (بەڵێ)ی بەدەست هێنا.











باسنیوز
Top