كەمال كەركووكی: بەڵگەمان هەیە حەشدی شەعبی بە پاڵپشتیی وڵاتێكی دیكە هێرشی کردووەتە سەر كوردستان

 كەمال كەركووكی: بەڵگەمان هەیە حەشدی شەعبی بە پاڵپشتیی وڵاتێكی دیكە هێرشی کردووەتە سەر كوردستان
فەرماندەیەكی پێشمەرگەی كوردستان ڕادەگەیەنێت، بەڵگەمان لەلایە كە حەشدی شەعبی بە هاوكاریی وڵاتێكی دیكە هێرشی بۆسەر ناوچە كوردستانییەكان كردووە و لە شەڕی پردێش ئەو کەسانە لەناو کوژراوەکان هەبوون.

كەمال كەركووكی، فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کورکووک - پردێ بە (كوردستان 24)ی ڕاگەیاند، ئەوانەی خیانەتیان لە كەركووك كرد دەیانەوێت لە ڕێگەی فەیسبووكەوە خیانەتەكەیان پەردەپۆش بكەن، بەڵام نازانن كە ئەو دەمامکەی لەسەر دەموچاویان بوو، داماڵدرا، چونكە كەسانێك لەناو لایەنێكی سیاسی و بە هاوكاریی چەند لایەنێكی دیكە لەپێناو پۆست و پارە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانیان ڕادەستی دوژمن كرد، بەڵام ئەو ناوچانە كوردستانین و بە كوردستانیش دەمێننەوە.

لەسەر ئاگربەستی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و میلیشیای حەشدی شەعبی، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەڵێت: "سەركردایەتیی سیاسی كوردستان لە سەرەتاوە داوای گفتوگۆی كردووە، فەرمانیش بە ئێمە كراوە تەقە و شەڕ ڕابگرین، ئێمە لە كاتژمێر یەكی شەوی پێنجشەممەوە تەقەمان نەكردووە، هەرچەندە لەناو میلیشیای حەشدەوە هەڵی زۆر درا بۆ ئەوەی ئەو ئاگربەستە بشكێنرێت، بەڵام ئێمە دانمان بە خۆماندا گرت".

ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەمڕۆ شەممە 28/10/2017 وەفدێك لە فەرماندەكانی پێشمەرگەی كوردستان كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا دەكەن، بۆیە ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی كۆبوونەوەكان دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا سەركردایەتیی سیاسی فەرمانی ئاگربەست بە ئێمە بكات ئێمەش جێبەجێی دەكەین، ئەگەر فەرمانی شەڕیش بكات ئەوا لە هەمو شوێنەكان شەڕ دەكەین".

کەمال کەرکووکی ئاشكرشی كرد: "بەبەڵگە دەیسەلمێنن كە حەشدی شەعبی لەلایەن وڵاتێكی دراوسێوە پاڵپشتی دەكرێت بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە لە شەڕەكاندا كوژراوی ئەو وڵاتە و هەندێك بەڵگەی دیكەشمان دەست كەوتووە".









باسنيوز
Top