دووبز.. چەکدارانی حەشدی شەعبی کەسوکاری پێشمەرگە دەڕفێنن
عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی دووبز ڕایگەیاند، چەکدارانی حەشدی شەعبی لە دووبز، دەستیان کردووە بە ڕفاندنی ھاووڵاتییانی کورد و شەوی رابردووش ”دوو کەسیان ڕفاندووە بە ناوەکانی محمەد قادر و شیڤان ستار“.
عەلی محەمەد هەروەها رایگەیاند، چەکدارانی ئەو میلیشیایانە لیستی ناوی هاووڵاتییانی کورد و کەسوکاری پێشمەرگەیان لایە و بەپێی لیستەکە، خەڵک دەڕفێنن.
بەڕێوەبەری ئاسایشی دووبز ئاماژەی بەوەش کرد، کە چەکدارانی ئەو میلیشیایانە رێگە بەو هاووڵاتییە کوردانە نادەن، کە لە شارەکە ماونەتەوە، بچنە دەرەوە و هاتوچۆی هاووڵاتییانیشیان بۆ دووبز قەدەغە کردووە“.
پێشتر لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و هەزاران هاووڵاتیی روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.
رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
باسنیوز
