كەركووك.. حەشدی شەعبی بە ئاگاداری عەبادی پرۆسەی تەعریبکردنی لە شارەكە دەست پێكرد
ئەمڕۆ شەممە 28/10/2017، عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك- گەرمیان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا پرۆسەی بە عەرەبكردن لە شارەكە دەستی پێكراوە و بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو قایمقامەكانی ناوەندی كەركووك و دووبز و داقووق كە پێشتر كورد بوون، لابراون و عەرەبیان لە جێگە دانراوە، ئەگەرچی بە وەكالەتیش بێت، بەڵام حەشدی شەعبی نیازیان خراپە لەو كردەوانەیان".
كەركووكی، ئاشكراشی كرد: "لە كەركووك دەسەڵات لای حەشدی شەعبییە و ئەوان كار دەكەن بۆ بە عەرەبكردنەوەی شارەكە".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە دەگوترێت حەشدی شەعبی دەچێتە دەرەوەی شاری كەركووك، گوتەبێژەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك-گەرمیان، گوتی: "ئەو دەنگۆیانە دوورە لە ڕاستییەوە".
پێشتر ڕژێمی بەعس بۆ ماوەی 35 ساڵ پرۆسەی بە عەرەبكردنی لە كەركووك دەست پێكردبوو و ئێستاش حەشدی شەعبی درێژە بەو پرۆسەیە دەدات.
بەرەبەیانی ڕۆژی 16/10/2017، چەكدارانی حەشدی شەعبی، بە چاوساخی باڵێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، شارەكانی كەركووك و خورماتوویان داگیر كرد و بەهۆیەوە نزیكەی 200 هەزار هاووڵاتیی كورد لەو ناوچانە ئاوارە بوون، میلیشیا شیعەكان زنجیرەیەك تاوانیان لەو ناوچانە ئەنجام دا و ئێستەش حەشدی شەعبی پرۆسەی بە عەرەبكردنی لە پارێزگای كەركووك دەست پێكردەوە.
باسنیوز
