چالاکوانێک: ئەوانەی وڵاتیان بە عەبادی فرۆشت با مووچەکەش لە عەبادی وەربگرن
شەماڵ ڕەئوف، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”چاوەڕێی ئەوە مەکەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچە بدات، داوای مووچە لە جەماعەتی ئاشبەتاڵ بکەن“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان ”هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نەماوە و هەمووی لای عەبادییە“.
داواشی لە وڵاتفرۆشان کردووە، کێشەی مووچەی خەڵک چارەسەر بکەن و نووسیویەتی: ”ئەوانەی وڵاتیان فرۆشتە عەبادی، با مووچەکەش لە عەبادی وەربگرن“.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان) بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر لەگەڵ گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان بۆ سەر کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکان کرد، گرووپەکەی یەکێتی فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کرد و بەو هۆیەوە پێشمەرگە ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەوە و بەناچاری ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان و چەندان تاوانی نامرۆڤانەش بەرامبەر کوردانی کەرکووک و خورماتوو کرا، جگە لەوەی نزیکەی 200 هەزار کەس لە سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون. پاشان لە ڕۆژی 18/10/2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو، دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“.
باسنیوز
