چالاکوانێک: ئەوانەی وڵاتیان بە عەبادی فرۆشت با مووچەکەش لە عەبادی وەربگرن

 چالاکوانێک: ئەوانەی وڵاتیان بە عەبادی فرۆشت با مووچەکەش لە عەبادی وەربگرن
چالاکوانێکی کۆمەڵی مەدەنی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ڕادەستکردنی چەند ناوچەیەکی کوردستان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، هەرێمی کوردستان سەرچاوەی دارایی لەدەست داوە و ”ئەوانەی وڵاتیان بە عەبادی فرۆشت، با مووچەکەش لە عەبادی وەربگرن“.



شەماڵ ڕەئوف، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”چاوەڕێی ئەوە مەکەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچە بدات، داوای مووچە لە جەماعەتی ئاشبەتاڵ بکەن“.



ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان ”هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی نەماوە و هەمووی لای عەبادییە“.



داواشی لە وڵاتفرۆشان کردووە، کێشەی مووچەی خەڵک چارەسەر بکەن و نووسیویەتی: ”ئەوانەی وڵاتیان فرۆشتە عەبادی، با مووچەکەش لە عەبادی وەربگرن“.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەر، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان) بە ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر لەگەڵ گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان بۆ سەر کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکان کرد، گرووپەکەی یەکێتی فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کرد و بەو هۆیەوە پێشمەرگە ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەوە و بەناچاری ناوچەیەکی بەرفراوانی کوردستان کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان و چەندان تاوانی نامرۆڤانەش بەرامبەر کوردانی کەرکووک و خورماتوو کرا، جگە لەوەی نزیکەی 200 هەزار کەس لە سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون. پاشان لە ڕۆژی 18/10/2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو، دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“.




باسنیوز
Top