له خورماتوو.. حەشدی تیرۆیست لە تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتییانی كورد بەردەوامە

له  خورماتوو.. حەشدی تیرۆیست لە تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتییانی كورد بەردەوامە
چەكدارانی حەشدی شەعبی لە شارۆچكەی خورماتوو، لە تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتییانی كورد بەردەوامن.



سەرچاوەیەكی ئاگادار لە خورماتوو، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكەین، ڕای گەیاند: "چەكدارانی حەشدی شەعبی ئێستا لە خورماتوو بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەستیان كردووە بە تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتییانی كورد".



سەرچاوەكە ئەوەشی خستە ڕوو: "شەوی هەینی ڕابردوو، لە گەڕەكی كۆماریی كوردنشینی خورماتوو، چەكدارانی حەشدی شەعبی، خانووی دوو هاووڵاتیی دیكەی كوردیان تەقاندەوە".



ئەمە لە كاتێك دایە، هێزێكی سوپای عێراق لە شارۆچكەكە جێگیر كراون، بەڵام بە گوتەی سەرچاوەكە: "لە پێش چاوی ئەو هێزەشەوە حەشدی شەعبی، هەموو كردەوەیەكی توندوتیژی ئەنجام دەدەن".



پێشترش حەسەن بارام، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ (باس) ڕای گەیاندبوو: "بەهۆی بوونی چەكدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو، ئەوەی بگەڕێتەوە شارۆچكەكە ژیانی پارێزراو نابێت".



بەرەبەیانی ڕۆژی 16/10/2017، چەكدارانی حەشدی شەعبی، بە چاوساخی باڵێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، شارەكانی كەركووك و خورماتوویان داگیر كرد و بەهۆیەوە نزیكەی 200 هەزار هاووڵاتیی كورد لەو ناوچانە ئاوارە بوون، میلیشیا شیعەكان زنجیرەیەك تاوانیان لەو ناوچانە ئەنجام دا و تا ئێستاش بەردەوامن لە سووتاندن و بە تاڵانبردن و تەقاندنەوەی ماڵە كوردەكانی ناو قەزای خورماتوو.




باسنیوز
Top