پەیامنێری ئاژانسێکی ئەمریکی: ئەو وێنانەی کەناڵەکەی مالیکی بڵاوی کردووەتەوە تازە نییە

 پەیامنێری ئاژانسێکی ئەمریکی: ئەو وێنانەی کەناڵەکەی مالیکی بڵاوی کردووەتەوە تازە نییە
پەیامنێری ئاژانسێکی ئەمریکی ڕوونکردنەوەی لەبارەی ئەو وێنەیە دا کە کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە مالیکی لەگەڵ میدیاکانی سلێمانی بڵاویان کردەوە و بەهۆیەوە هێرشیان کردە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە وێنەکە تازە نییە و ڕێککەوتن بۆ ڕادەستکردنی خاڵی سنووری نەکراوە.



عەلی جەوانمەردی، پەیامنێری ئاژانسی (دەنگی ئەمریکا) لە میانی پەخشێکی ڕاستەوخۆی نێو پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو وێنانەی کەناڵی (ئافاق) بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا دانیشتنێکی نێوان ئەبو عەلا عەلوایی، بەرپرسی کەتیبەی شوهەدای نێو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و د. ڕۆژ نووری شاوەیس و سیروان بارزانی دەردەکەون، وێنەی دوو ڕۆژی ڕابردوو نین و گوتی: ”هیچ دانیشتنێکی نێوان حەشدی شەعبی و لایەنی کوردی تا ئەم کاتە ڕووی نەداوە، وێنەکە هی 6 ڕۆژ لەمەوبەر بووە و لە مەخموور کراوە“.



باسیشی لەوە کرد کە ئەو ئاگربەستەی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ڕاگەیاندراوە، بۆ ئەوەیە کە لێژنەیەک لە ئاستێکی باڵادا کۆبوونەوە بکات و بڕیاری کۆتایی بدات. گوتیشی: ”تا ئەم چرکەساتە، هیچ بڕیارێک بۆ رادەستکردنی هیچ دەروازەیەکی سنووری نەدراوە و پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە شەڕ هیچ شوێنێک ڕادەست ناکەن“.



باسنیوز
Top