UN: بەهۆی هێرشی هێزە عێراقیەكان 175 هەزار كەس ئاوارە بوون

 UN: بەهۆی هێرشی هێزە عێراقیەكان 175 هەزار كەس ئاوارە بوون
كۆمسیۆنی پەنابەران لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كرد 175 هەزار كەس بەهۆی هێرشەكانی میلیشیاكانی حەشد و هێزە عێراقییەكان بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان، ئاوارەی هەولێر و نەینەوا و دهۆك بوون.


ڕێكخراوی پەنابەری نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە راگەیەندراوێكدا دووپاتی كردووەتەوە كە زیاتر لە 175 هەزار ئاوارە بەهۆی هێرشەكانی حەشد و سوپای عێراق هەن.


فەرحان حەق گوتەبێژی فەرمی كۆمسیۆنی پەنابەران لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوە دا كە كارمەندانی فریاكەوتنی ڕێكخراوەكەیان لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكەن، نەوەك دۆخەكە ئاڵۆزتر بێت و ژمارەی زیاتری ئاوارە پەیدابێت بەهۆی پێكدادانەكانەوە.


لە 16ی ئەم مانگەوە میلیشیاكانی حەشد و سوپای عێراق بە پشتیوانی سوپای پاسداران و خیانەتی باڵێكی ناو یەكێتی، شاری كەركووكیان داگیر كرد و هێرشیان كردە سەر ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەم هۆیەوە سەدان هەزار كورد ئاوارە بوون.



باسنیووز
Top