عەلیئەشرەف دەرویشیان نووسەری ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد
دەرویشیان، چیرۆکنووس و توێژەری کورد ساڵی 1941 لە گەڕەکی " ئاوشووران "ی سەر بە کرماشان لەدایک بووە.
پاش تەواوکردنی پەیمانگەی سەرەتایی کرماشان، بووەتە مامۆستا و لە گوندەکانی دەوروبەری کرماشان و گێڵانی ڕۆژئاوا (شائاباد) مامۆستا بووە.
ساڵی 1958 خوێندنی خانەی مامۆستایان تەواو دەكات و بۆ مامۆستایی، رەوانەی گوندەكانی دەوروبەری كرماشان و گێڵانی رۆژئاوا دەكرێت. ساڵی 1966 لە بەشی وێژە و ئەدەبی فارسیی زانستگەی تاران دەست بە خوێندن دەكات و دوای وەرگرتنی بڕوانامەی بەكالۆریۆس، لە بەشی دەروونناسیی پەروەردەدا درێژە بە خوێندنی ماستەر دەدات، هاوكات لە خوێندنگەی باڵای تاران لە بەشی راوێژكاری و رێنمایی فێركاری دەخوێنێت. ساڵی 1973 یەكەمین كۆمەڵە چیرۆكی بڵاو دەبێتەوە.
لە ساڵی تا 1978، لەبەر نووسینی كتێبی "لەم هەرێمەوە" و بەهۆی چالاكیی سیاسی، سێ جار قۆڵبەست و خامەی یاساخ دەكرێت. یەكەم جار لە كرماشان بۆ ماوەی هەشت مانگ دەخرێتە گرتووخانەوە، دواتر دەروێشیان لە تاران دەگیرێت و حەوت مانگ لە گرتووخانەدا دەمێنێتەوە. دەروێشیان دوا بەدوای ئەمە لە زانكۆ دەردەكرێت و لە پیشەی مامۆستایەتیش دوور دەخرێتەوە. ساڵی 1974 دیسان قۆڵبەست دەكرێتەوە و 11 ساڵ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە. دەروێشیان ئیتر لەو دەمەوە دەخرێتە گرتووخانە و تا سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە گرتووخانە دەمێنێتەوە.
سەرجەمی کتێب و بەرهەمەنووسراوەکانی دەروێشیان کەتا ئێستا ئامادەو چاپ و بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە60 بەرهەمە کە بریتین لە بوارەکانی "چیرۆک بۆ منداڵان و مێرمنداڵان"، "کۆکردنەوە"، "کورتەچیرۆک و رۆمان" و "فەرهەنگی خەڵکی ئاسایی.
گرنگترین و بەرچاوترین بەرهەمی "عەلی ئەشرەف دەروێشیان" نووسین و کۆکردنەوەی پرۆژەیەکی گەورەیە بەناوی "فەرهەنگی ئەفسانەکانی خەڵکی ئێران لە20 بەرگدا" کە بەرهەمی 22 ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی ئەم نووسەرەیە.
دەروێشیان لە بەرهەمەكانیدا رووخساری ئاوێتە بە زەبر و زەنگ و بێ بەزەییانەی هەژاریی و بەلەنگازی دەخاتە بەردیدە و چەندە جوان، هەژێنەر و كاراش دەست بۆ خامەكەی دەبات. ئەو زۆر جوان پەی بە هەژاری دەبات و دەیناسێت، ساڵەهای ساڵ بەلای منداڵانی گوندەوە ژیان بەڕێ دەكات و رەنج و مەینەت و چەرمەسەریی ئەوان بەردەوام گیان و ناخی ئازار دەدات. زۆر چیرۆكی دەروێشیان راڤەی ئەو وێنە دڵهەژێنانە دەكات كە بە درێژایی ژیان بەردیدەی كەوتوون.
بەشێک لە بەرهەمەکانی عەلی ئەشرەف دەرویشیان وەک ڕۆمانی دوو بەرگەیی "ساڵانی هەورین و ئەفسانە کوردییەکان و چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە" لەلایەن عەزیز گەردی و شەریف فەلاح، نووسەر و وەرگێرانی کوردەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی.
هاوکات لە ساڵانی ڕابردوودا بە هاوکاریی مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕیکوردی خەڵکی هەڵەبجە چەندین کتێبیان بە هاوبەشی لەبارەی چیرۆک و زمان و ئەدەبی کوردی بە فارسی و کوردی بڵاو کردەوە.
bas news-
