وردەکاریی تێکشکاندی داعش لە سنووری ڕەبیعە
ئەمڕۆ میلیشیای حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان لە چەند میحوەرێکەوە ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و بە پێی دواین زانیاری لە ھەموو بەرەکانی شەڕدا پێشمەرگە سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە و لەبەرامبەردا زیانی گەورە بە ھێزەکانی دوژمن گەیتشووە، بە شێوەیەک تەنیا لە یەک میحوەر حەشد نەیتوانیوە پێشڕەوی بکات.
(نەقیب ئەمیر)، ئەفسەری پێشمەرگە لە میحوەری ڕەبیعە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا چەکدارانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان لە چەند میحوەرێکەوە زیاتر لە پێنج ھێرشیان کردووەتە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە توانی بە توندی بەرپەرچی ھێرشەکانی دوژمن بداتەوە و زیانی گەورەش بە حەشدی شەعبی بگەیەنێت. پێشمەرگە بە شێوەیەک بەرگریی کرد ڕێگەی نەدا لە هیچ شوێنێک حەشد پێشڕەوی بکات و ھەموو ھێرشەکان لە ڕەبیعە تێکشکێندراون و حەشد ناچار بووە پاشەکشە بکات بۆ ئەو شوێنەی لێوەی ھاتووە.
لەبارەی زیانەکانی حەشدی شەعبییەوە، نەقیب (ئەمیر) گوتی: ''لە ھێرشەکانی ئەمڕۆدا تەنیا لە سنووری مەحموودیە و ڕەبیعە سێ تانک و ھەشت ھەمەری ئەمریکایی و چوار ئۆتۆمبێڵی سەربازیی ناسراو بە باجەر لەناو براون، لە ڕووی کوژراویشەوە دەیان چەکداریان لێ کوژراوە و چەندین برینداریان ھەیە، کە بە فڕۆکە تەرمی کوژراوان و بریندارەکانیان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری مووسڵ، بەڵام وەک ژمارە بە دروستی نازانین چەندن، چونکە تەرمەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە، تەنیا ئەوە دەزانین زیانەکانیان زۆرە و دەیان کوژراویان ھەیە و پێشبینی دەکەین، کەسانی پلەداری حەشد لەنێو کوژراوەکاندا هەبن.''
kdp-
