شارەزایان: "بوونی حەشد لە چیای شنگال ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات..وەدەردەنرێن"

 	 شارەزایان:
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عیراقیەکان پەلاماری چەندین ناوچەی کوردستانیی دەروەی ئیدارەی هەرێمیان دا و هەموو بەندە یاساییەکانیان پێشێل کرد، پێشمەرگە لە چەندین لایەنەوە وەڵامی حەشدی شەعبیان دایەوە، بەڵام حەشد لەسەر پێشلکارییە دەستوورییەکان بەردوام بوو و قەزای شنگالی داگیر کرد.

شنگال یەکێک لە ناوچە ستراتیژییەکانە و بە یەکێک لە ناوچە هەرە گرینگەکان دادەنرێت لە ڕووی جیۆپۆلیتیکەوە. لەم بارەوە، (سەعید مەموزینی)، شارەزای سەربازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''چیای شنگال ناوچەیەکی ستراتیژیی زۆر گرنگە، زاڵبوون بە سەر چیاکەدا بە واتای دەستەسەرکردنی زۆر ڕێگای گرنگ دێت، ئەوەی چیای شنگالی بەدەستەوە بێت، واتە تەواوی شنگالی بەدەستەوەیە.''

چیای شنگال ١٤٦٥م لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزە، چیاکە دەکەوێتە نێوان سنووری سووریا و عێراق و لە نێوان پارێزگاکانی حەسەکە و مووسڵدایە و بەرزترین لووتکەی چیاکەش ناوچەی (چل میرا)یە.

(سەعید مەموزینی) گوتی: ''ئێستا چیای شنگال زۆر گرنگە بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچەکەدا، لەبەر ئەوەش حەشد زۆر هەوڵ دەدات بگاتە ئەو ناوچەیە، ئێستا ناوچەکانی دیکە بەدەست حەشدن و هیلالی شیعی دروست بووە، ئەمەش مەترسییەکی زۆر گەورە دروست دەبێت لەسەر تەواوی ناچەکە و دەتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ لە نێوان سووریا و عێراق و ئیراندا بکەن.''

(سەعید مەموزینی) ئەوەیشی گوت: ''ئامانجی ئیرانیش لە ناوچەکە دروستکردنی ئیمپراتۆرتیەکەیە، بەڵام هێج جێگایەکی کوردستان لەدەست حەشددا نامێنیت، چونکە ئەوان مەترسین بۆ سەر تەواوی ناوچەکە و هەموویان دەگەڕێنەوە سەر کوردستان و کوردستان چیای شنگال بەدەست هێج لایەنێکی داگیرکارەوە نادات.''


سەرچاوە مێژوویییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەمیشە چیای شنگال بووەتە پەناگەیەک بۆ ڕزگارکردنی خەڵک لە دوژمنان، لەوانە ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەر ئێزدییاندا هات. جگە لەمەش، لە کاتی جینۆسایدی ئەرمەنەکانیشدا، ئەوان هاتن، خۆیان لە چیای شنگالدا گرتەوە و لە دوای کۆمەڵکوژیی ئێزدییانیش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا کاتێک داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت زۆربەی هەرە زۆری ئێزدییان بەرەوە چیاکە ڕۆیشن، جەنگاوەرە ئێزدییەکانیش بەرگرییان لە چیاکە و مەزارگەی شەرفەدین کرد و نەیانهێشت چەکداراکانی داعش بگەنە سەر چیاکە.

لە ساڵی ١٩٩١یش حکوومەتی بەعس لەسەر لووتکەی چل مێرا ٣٩ مووشەکی دوورمەودای بەرەو ئیسرائیل هاویشتن، دواتر فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لە وەڵامیدا ناوچەی چل مێرایان بۆردومان کرد و چەندین خێزانی ئێزدی لەو ناوچەیە بەکوشتن دران.

سەبارەت بەم پرسەش. (د. هاوار نێروەیی)، كه‌ شارەزای سیاسه‌تی ڕۆژهەڵاتی ناوین و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانه‌، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پرسی چیای شنگال بابەتێکی گرنگە بۆ ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت بۆ ئیسرائیل، چونکە لە کۆنەوە حکوومەتی عێراق مووشەکی بەرەو ئیسرائیل دەهاویشتن و ناوچەیەکی بەرز و ستراتیژییە، ئەوەی کۆنترۆڵی چیای شنگال بکات، دەتوانێت لە مەوادایەکی دوورەوە کۆنترۆڵی سووریا و عێراق بکات و ئیسرائیلیش هەست بەو مەترسییە دەکات، چونکە حەشد لە دەستی ئیرانییەکاندایە، ئێستا دەستبەسەرداگرتنی شنگال مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و تەواوی وڵاتانی ناوچەکە، تەنانەت تورکیاش.''

(د. هاوار نێروەیی) ئەوەیشی گوت: ''بە بروای من، ئیسرائیل و هەواڵبەندەکانی ڕێگە بە حەشد نادەن بۆ ماوەیەکی درێژ لەوێ بمێنێتەوە و ئێستا ئیران هەموو هەوڵی ئەوەی دەدات و پاڵپشتیی حەشد دەکات بە هەموو شێوەیەک ئەم ناوچە ستراتیژییە بکەوێتە ژیردەستیان.''
kdp-
Top