ئەمەریکا چاوی لەسەر هیلالی شیعەیە..هۆشداریەک بۆ عێراق و سزایەکی نوێی بۆ ئێران

ئەمەریکا چاوی لەسەر هیلالی شیعەیە..هۆشداریەک بۆ عێراق و سزایەکی نوێی بۆ ئێران
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (ریکس تیلەرسن) داوایەکی ئاراستەی سەرکردە عێراقییەکان کرد کە رووبەڕووی کاریگەرییەکانی ئێران بووەستنەوە..نیگەرانی خۆیشی بەرانبەر بە پێکدادانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان خستە ڕوو..لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سزایەکی دیکەی نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند.

کەمێک پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جارێکی دیکە نیگەرانی خۆی لە پێکدادانی نێوان پێشمەرگە و هیزەکانی عێراق دەربڕی، بەڵام ئەمجارە داوایەکی ئاراستەی سەرکردەکانی عێراق کرد کە رووبەڕووی کاریگەرییەکانی ئێران لە عێراقدا ببنەوە.
لە هەمانکادا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سزایەکی نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند، بەهۆی بوونی پرۆگرامی مووشەکی ئێران، ئەگەرچی جۆری سزاکە تا ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا رانەگەیاندراوە کە بە چ ئاراستەیەکە و سزاکە چۆنە، بەڵام بەکۆی گشتیی دەنگی ئەنجوومەنەی نوێران پڕۆژەیاسایی سزادانی ئێران بەهۆی مووشەکی بالیستی پەسەند کرا و دواتر رێکارەکانی بڵاو دەکرێتەوە.

بەگوێرەی پێگەی ئێست تێکساس رێڤیۆ، سکرتێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی یەکشەممە بۆ هەموو لایەکی دیارکرد کە هێزەکانی ئێران لە عێراقدان و دەبێ میلیشیای ئێران عێراق جێبهێڵن، ئەگەر بە بیانوی شەڕی داعش لە عێراقدان ئێستا داعش بەرەو کۆتایی چووە و دەبێ ئەوان بگەڕێنەوە ئێران.

شڕۆڤەکارانی سیاسی لە نێو ئەمەریکادا کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەمەریکا دەیەوێ بەهەر شێوازێک بێ، دەبێ میلیشیای ئێران لە عێراقدا نەمێنن، بۆیە دەرفەتێکی داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق تا ئەو کارە بکات، لە ئێستایشدا دەبینرێ کە میلیشیاکان گوێ بەهیچ یاسایەک نادەن و بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی پیران و کۆنگرێسمان و داڕێژەرانی ستراتیژیەتیی ئەمەریکاییش بە پێویستی دەزانن کە ئەمەریکا خۆی چاوێکی زیاتر بخاتە سەر عێراق و نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا بە زووی نەهێڵێ.

بەگوێرەی کەناڵی فۆکس نیوز و ناوەندەکانی دیکەی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی و ئەمنی ئەمەریکا، دوو رێگە لەبەردەم سەرۆکی ئەمەریکادا هەیە:

یەکەمیان: شەڕی داتاشراوەکانی ئێران کە لە وڵاتانی رۆژهەڵای ناوین دروستی کردوون.
دووەم: شەڕی کۆریای باکوور.

خاڵی یەکەم بەگوێرەی زۆرینەی شڕۆڤەکارانی سەربازی و بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکا ئامانجی ئێستای سەرۆکی ئەمەریکایە.
ئێستا رای گشتیی ئەمەریکا گەمارۆی تووندی خستووەتە سەر کۆشکی سپی کە بۆچی لە جوڵەی هێزەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا بێدەنگن، سەرۆکی ئەمەریکایش هەڵبژاردنی دیکەی لە پێشە و دەیەوێ کارێک بکات کە بۆ خولێکی دیکەیش زامنی دەنگەکانی ئەمەریکاییەکان بکات، بۆیە بەگوێرەی شارەزایانی ئەمەریکا چاوی (ترامپ) لەسەر ئێران دەبێ و نفوزی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا کەم دەکاتەوە.

داواکاری رای گشتیی ئەمەریکا لە ترامپ:

یەکەم: لاوازکردنی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا.
دووەم: پارێزگاریکردن لە دۆستەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناویندا.

ئەم دوو خاڵە بەگوێرەی کەناڵی فۆکس نیوز رێک لە چوارچێوەی بەرنامەی سراتیژی نوێی سەرۆکی ئەمەریکادایە، ئەمە بەرنامەیەکی گشتگیرە و سنووری پێکانی بە عێراق و سووریادا تا دەگاتە لوبنان تێپەڕدەبێ، کەوایە (ترامپ) هیلالی شیعی کردووەتە ئامانج و زۆربەی ناوەندەکانی ئەمەریکایی دەڵێن، (ترامپ) لە ناوچەکەدا شکۆی ئەمەریکا دەگەڕێنێتەوە و جوڵەی ئێران سنووردار دەکات و پارێزگاری لەو دۆستانەی ئەمەریکادا دەکات کە لە ناوچەکەدا ئاساییشیان لەبەر ئێران بەرەو ناسەقامگیری چووە.
kdp-
Top