فەرماندەکانی پێشمەرگە: ئەمڕۆیش وانەیەکی دیکەمان بە حەشدی شەعبی دا
لیوا (بەھجەت تەیمەز)، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە میحوەری زوممار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی ھێرشیان کردە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بەتوندی وەڵامیان دانەوە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریشیان پێ گەیاندن و پێنج ھەمەر و دوو تانک و باجەرێکیان تێکشکاندووە و ژمارەیەکی زۆریشیان لێ کوژراوە، کە لەنێویاندا ژمارەیەک فەرماندە ھەیە، لەوانە جێگری فەرماندەی ھێزی حەشدی شەعبی (ھادی عامری)، بە ناوی (ئەبووتوراب) هەیە.''
لیوا (بەھجەت تەیمەز) گوتیشی: ''ھێزی پێشمەرگە دەرسێکی باشی دایە حەشدی شەعبی و ڕێگەی نەدا یەک بستیش پێشڕەوی بکەن.''
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری مەحمودییە، لیوا (ھاشم سیتەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە بەیانییەوە حەشدی شەعبی لە مەحمودییەوە تا دەگاتە زوممار ھێرشیان بۆ سەر ھێزی پێشمەرگە دەست پێ کرد، بەڵام ھێزی پێشمەرگە بەتوندی وەڵامیان دانەوە و لە ھەموو لایەک تێکیان شکاندن و زیانی زۆریشیان بەرکەوتووە و نەشیانتوانیووە یەک بست پێشڕەوی بکەن.''
لیوا (ھاشم سیتەیی) گوتی: '' چەندین ئالییەتی حەشدی شەعبی تێکشکاوە و ژمارەیەکی زۆر چەکداریشیان کوژراوە، کە لە نێویاندا چەندین فەرماندە ھەیە، لەوانە جێگری بەرپرسی یەکەمی حەشدی شەعبی، (ھادی عامری) بە ناوی (ئەبووتوراب).''
لیوا (ھاشم سیتەیی) گوتیشی: ''تا ئێستاش تۆپباران بەردەوامە، بەڵام شەڕ وەستاوە و ئێمە دەرسکێی زۆر باشمان داوەتە حەشدی شەعبی و گورزێکی کوشندەشمان لێ وەشاندوون.''
bas news-
