نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی سوید لە عێراق جەخت لە گرتنەبەری دیالۆگ دەکەنەوە
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/10/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ بۆنتۆس میلاندەر، باڵیۆزی نوێی وڵاتی سوید لە عێراق و شاندێکی یاوەری کۆبوویەوە.
لە دیدارێکدا میلاندەر، سوپاسی ئەو پێشوازییەی کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە یەکەم سەردانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕی دوای دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی سوید لە بەغدا.
نیگەرانیی خۆشی بەرامبەر ئەو ڕووداوانە نیشان دا کە دوو ھەفتەیە لە ناوچەکە ڕوویان داوە و بەھۆیەوە شەڕ و پێکدادان دروست بوون و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل ئاوارە بوونە، جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ھەموو لایەک دان بەخۆیاندا بگرن و ھەوڵ بدرێت بە ڕێگەی دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێن.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەو سەردانەی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی سوید لە عێراق خواست لە کار و ئەرکەکانیدا، ئاماژەی بەوەش دا لە ئەنجامی ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی سڤیل ئاوارە بوونە و کوشتاری لێکەوتۆتەوە و گرژییەکی زۆری لە سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق دروست کردووە.
دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتاوە باوەڕی بە دیالۆگ ھەبووە و ئێستاش جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو گرژی و توندوتیژیانە پرسەکان چارەسەر ناکەن، بەڵکو پێویستە ھەولێر و بەغدا دەست بە گفتوگۆ بۆ چارسەرکردنی کێشەکان بکەن، داواشی کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ وەستاندنی ئەو گرژی و جموجۆڵە سەربازییانەی لە ناوچەکە ئەنجامی دەدات و زەمینەسازی بۆ دروستکردنی گفتوگۆیەکی جددی لە نێوان ھەولێر و بەغدا بکەن.
ھەروەھا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەختی لەوەش کردەوە، کە سەرکردایەتیی سیاسی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ڕێگەی چەندین پەیامی فەرمییەوە پاڵپشتیی خۆیان بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ دەربڕیوە و دوا جاریش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و سڕکردنی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددی، پەیامێکی بۆ ڕای گشتی عیراق و کوردستان و جیھان ڕاگەیاند.
باسنيوز
