ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: دەبووایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵسوکەوتەکانی عێراق ئیدانە بکات

 ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: دەبووایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵسوکەوتەکانی عێراق ئیدانە بکات
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، دەبووایە دوو هەفتە لەمەوبەر، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر هەڵسوکەوتە خراپەکانی لایەنی عێراقی بێتە دەنگ و ئیدانەی بکات.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/10/2017 بڵاو کراوەتەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە کە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەیەکی قارەمانانە بەرپەرچی ھێرشەکانی سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پاڵپشتیی سوپای پاسدارانی ئێران دایەوە و لە ئاکامدا 3 تانک و 5 ھامڤی و یەک باجەر تێکشکان.

هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە ھێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی ئێرانی بە چەکی ئەمریکیی وەکو ھامڤی و تانکی قورس و ئۆتۆمبێلی باجەری سەربازی، بەردەوامن لە هێرش بۆ سەر مۆڵگەکانی پێشمەرگە. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای دەستووری عێراقە کە بە بەکارھینانی ھێز چارەسەری کێشە سیاسییەکان دەکات“.

ئاماژەش بەوە دراوە: ”ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو سنووربەزاندنە سەربازییانەی عێراق دەکەین. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبووایە دوو ھەفتە لەمەوبەر هەڵسوکەوتە خراپەکانی عێراقی ئیدانە کردبا“.

ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:

راگەیاندراوەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان

کاژیر ١٢:٠٠ی پێشنیوەرۆی ئەمرۆ ھیزەکانی پێشمەرگە بە شیوەیەکی قارەمانانە بەرپەرچی ھێرشەکانی سوپای عیراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پالپشتی سوپای پاسدارانی ئێران دایەوە و لە ئاکامدا ٣ تانک و ٥ ھامڤی و ١ باجەری دوژمن تێکشکان.

ھیزەکانی سوپای عیراق و حەشدی شەعبی ئیرانی بە چەکی ئەمریکی وەکو ھامڤی و تانکی قورس و ئۆتۆمبیلی باجەری سەربازی بەردەوامن لە ھیرش بۆ سەر مۆلگەکانی پێشمەرگە.

ئەمە پیشیلکردنی ئاشکرای دەستوری عیراقە کە بە بەکارھینانی ھێز چارەسەری کێشە سیاسییەکان دەکات.

ئیمە بە توندی ئیدانەی ئەو سنور بەزاندنە سەربازیانەی عیراق دەکەین. کۆمەلگای نیودەولەتی دەبوایە دوو ھەفتە لەمەوبەر ھەلسوکەوتە خراپەکانی عیراقی ئیدانە کردبا.

عێراق ھەندیک لە ناوچە ئارامەکانی ولاتیشی تیکداوە و زیاتر لە ١٥٠,٠٠٠ کەس ئاوارە بوونە و مەترسی بۆ ئاسایش دروستکردووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی ھەریمی کوردستان

٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧










باسنيوز
Top