كەركووك.. حەشدی شەعبی ترس و تۆقاندن لەنێو خەڵکی شارەکە بڵاو دەکاتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/10/2017، عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك-گەرمیان، ڕایگەیاند: "چەكدارانی حەشدی شەعبی لە كەركووك، ترس و تۆقاندنیان لە دڵی ئەو هاووڵاتییانەی كە لە شارەكەدا ماونەتەوە، دروست كردووە و ئەوان هەموو كردەوەیەكی توندوتیژی دژ بە خەڵکی شارەکە ئەنجام دەدەن".
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك-گەرمیان، ئەوەشی خستە ڕوو: "حكوومەتی عێراق لە ڕێگەی ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، نووسراوێكی ئاراستەی فەرمانگەكانی كەركووك کردووە، سەبارەت بەو كەسانەی كە بەشدارییان لە پرۆسەی ڕیفراندۆم كردووە، بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكرێت".
عەدنان کەرکووکی ئەوەی نەشاردەوە کە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەسەڵاتی بەسەر حەشدی شەعبیدا نییە و ئەوان دەتوانن جلەكانیان بگۆڕن، “واتا جلی پۆلیسی فیدڕاڵی یاخود پۆلیسی خۆجێیی لە بەر بكەن و بگوترێت لە شارەكە پاشەكشەیان كردووە، بەڵام ئەوەی كە ئێمە بیزانین، حەشدی شەعبی نیازی پاشەكشەیان لە کەرکووک نییە".
بەرەبەیانی ڕۆژی 16/10/2017، چەکدارانی حەشدی شەعبی، بە چاوساخیی باڵێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شارەکانی کەرکووک و خورماتوویان داگیر کرد و بەهۆیەوە نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی کورد لەو ناوچانە ئاوارە بوون، جگە لەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی زنجیرە تاوانێکی نامرۆڤانەیان بەرامبەر کوردان و موڵک و ماڵی کوردانی ئەو ناوچانە ئەنجام دا.
باسنیوز
