عەبادی دەستپێشخەرییەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەت دەکاتەوە
رۆژی پێنجشەممە ٢٦/١٠/٢٠١٧، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، کە عێراق ھەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت.
حەیدەر عەبادی، کە ئێستا بە سەردانێک لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دەستپێشخەرییەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەت دەکاتەوە، ”جگە لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم، بەھیچ رازی نابین“.
پێشتر لە راگەیەندراوێکدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سێ پێشنیازی بۆ حکوومەتی عێراق کردووە، تاوەکو کاریان لەسەر بکرێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، کە بریتین لە راگرتنی شەڕ، سڕکردنی ئاکامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و دەست پێ کردنی گفتوگۆی ھەولێر و بەغدا.
رۆژی دووشەممە 25/9/2017، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی ئەنجام دا و بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە %92ـی دەنگدەران داوای سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە.
باسنيوز
