پێشمەرگە بەرپەرچی هێرشێکی حەشدی شەعبی لە سحێلا دەداتەوە

 پێشمەرگە بەرپەرچی هێرشێکی حەشدی شەعبی لە سحێلا دەداتەوە
هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەرپەرچی هێرشێکی فراوانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری شارۆچکەی سحێلا دەدەنەوە.



سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 26/10/2017، حەشدی شەعبی بە گوللەهاوەن دەستی بە تۆپبارانکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە دەوروبەری سحێلا لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، کردەوە.



ێشمەرگە لە هەردوو گوندی بەردی و حەمەد ئاغا بەرپەرچی دوو هێرشی داوەتەوە و زیانێکی زۆری بە میلیشیا عێراقیەکان گەیاندووە.



بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پێشمەرگە لە گوندی عەین عوزەیم باجەڕێکی حەشدی شەعبی تێک شکاندووە و پاشەکشەی بەو میلیشیایانە کردووە.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و هەزاران هاووڵاتیی روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.



رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.



حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.


باسنيوز
Top