ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: 3 تانک و 5 هامڤی و 1 باجەری حەشدی شەعبی تێکشکێنراون
لە زنجیرە تویتێکدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، هێزەکانی عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە پاڵپشتیی ئێران، سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان تۆپباران کردووە و دواتر هێرشیان ئەنجام داوە.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە میلیشیاکان لە ڕەبیعەوە بەرەو ناوچەی (مەحموودییە) هەوڵی پێشڕەوییان داوە و لەلایەن پێشمەرگەوە دوو تانکی میلیشیاکان تێکشکێنراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی (لیوای عەباس، کەتیبەکانی جوندول ئیمام، رەعدول ساری، کەتیبەکانی ئیمام عەلی، حەرەکەی نەجبە، لیوای تەوفوف و لیوای حوسێن) بە سەرپەرشتیی هادی عامری و ئەبومەهدی موهەندیس لە هێرشەکەدا بەشدارن.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد، تا کاتژمێر 9 و نیوی بەیانیی ئەمڕۆ، پێشمەرگە 3 تانک و 5 (هامڤی)ی ئەمریکی و 1 باجەری تێکشکاندووە کە میلیشیاکانی عێراق بە پشتیوانیی ئێران لە دژی پێشمەرگە بەکاریان هێناوە.
پێشتر (باسنیوز) ئەوەی بڵاو کردەوە کە هێرشەکەی حەشدی شەعبی لە دوو قۆڵەوە تێکشکێنراوە و زیانێکی زۆر بەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کەوتووە، تاوەکوو ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە.
باسنيوز
