سوپاسالاری پێشمەرگە: هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرپەرشتیی هێرشەکەی حەشد دەکەن

 سوپاسالاری پێشمەرگە: هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرپەرشتیی هێرشەکەی حەشد دەکەن
فەرماندەیەکی پێشمەرگە ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەرەڕای ئەوەی حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران، حزبوڵا و هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژئاوای مووسڵ، بەڵام هێرشەکەیان تێکشکێنراوە.



عەمید بەھرام دۆسکی، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری زومار ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/10/2017، حەشدی شەعبی لە چەند قۆڵێکەوە هێرشی کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەڵام لە دوو قۆڵەوە تێکشکێنران و پاشەکشەیان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکوو ئێستا سەنگەرەکانی پێشمەرگە تۆپباران دەکەن.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لەو هێرشەدا جگە لە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، حزبوڵا و سوپای پاسدارانی ئێران بەشدارییان کردووە.



هەر لەمبارەیەوە جەمال ئێمنکی، سوپاسالاری پێشمەرگە بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاند، هێرشەکەی ئەمڕۆی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس، فەرماندەی گشتی و جێگری فەرماندەی گشتیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییە. گوتیشی: ”سەرەڕای ئەوەی چەکی قورسیان بەکار هێنا، بەڵام هێرشەکەیان تێکشکێنرا“.



سوپاسالاری پێشمەرگە ئاماژەشی بەوە کرد کە هێشتا شەڕی داعش بەکۆتا نەهاتووە، عێراق هێرشی بۆ سەر پێشمەرگە دەست پێکردووە و سەرجەم ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی پشتگوێ خستووە کە ساڵانێکە لە شەڕی داعش لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا هەیە.



بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا هۆشداری دا کە سەرەڕای پێشنیازێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەست پێکردنی گفتوگۆ، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئێرانییەکان بە نیازن هێرش بکەنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە.



هەر ئەمڕۆ چەکدارانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران لە سنووری زومار و ناوچەی سحێلا هێرشیان بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئەنجام دا، بەڵام تێکشکێنران و زیانێکی زۆریان بەرزکەوت.






باسنيوز
Top