داوا لە نەتەوەیەگکرتووەکان دەکرێت لێژنەیەکی تایبەت بەخۆیان بنێرنە کەرکووک و خورماتوو و ڕەبیعە
دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕاپۆرتێکدا لەسەر ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئەو شارە داوا لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یۆنامی) دەکەین کە لیژنەیەکی تایبەتی خۆیان بنێرن بۆ ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشەکەبن و راستییەکان بە چاوی خۆیان ببینن.
لە بەشێکی ڕاپۆتەکەدا کە وێنەیەکی ) گەیشتووە، د. دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕای گەیاندووە، تادێت پێشێلکاری حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکان زیاتر دەبێت و بەشێوەیەکى دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر ئەم ناوچانە و دەستیان لە سەر و ماڵی هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە نەپاراستووە.
زێباری ئەوەشی ڕاگەیاندووە،، دوای هاتنی حەشدی شەعبی پێشێلکارییەکانی بە شێوازی جۆراوجۆر دەرهەق بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بەردەوامن و هەڕەشەیان لەسەرە، بەشێک لەو تاوانانەی کە حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەنشینەکان ئەنجامیاندابوو گەیشتۆتە ئاستی تاوانەکانی جەنگ و ئەو تاوان و پێشێلکاریانەی کە لە هەفتەی رابردوودا لە کەرکووک و دوزخورماتوو هیچی لەو تاوانانە کەمتر نەبوو.
ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە تا ئێستا سەرەڕای هەڵوێستی بەشێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی هەندێک لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەوە نییە کە پێشبینی دەکرا بۆیە داوا لە نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق (یۆنامی) دەکەین کە لیژنەیەکی تایبەتی خۆیان بنێرن بۆ ئەو ناوچانە بەتایبەتی کەرکووک و خورماتوو و رەبیعە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکەبن و راستییەکان بە چاوی خۆیان ببینن.
سەرۆکی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم راپۆرتەکان لەلایەن ئەوان بەبەڵگە هەن و ئامادەن رادەستی سەرجەم رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مافی مرۆڤ بکەن.
bas news-
