زێبارى: پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەپەلە لەو تاوانانەی حەشدى شەعبى بکۆڵنەوە

 	 زێبارى: پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەپەلە لەو تاوانانەی حەشدى شەعبى بکۆڵنەوە
دکتۆر (دیندار زێبارى) سەرۆکى کۆمیتەى وەڵامدانەوەى راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە رووداوەکانى کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم رایگەیاند، هەرێمى کوردستان کەوتۆتە ژێر هێرشى میلیشایى حەشدى شەعبى، کە بەشێوەیەکى دڕندانە هێرشیان کردۆتە سەر ئەم ناوچانە و دەستیان لە سەر و ماڵی هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە نەپاراستووە و پێشێلکارییەکانی بە شێوازی جۆراوجۆر دەرهەق بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بەردەوامن و هەڕەشەیان لەسەرە.

(زێباری) ئەوەشی راگەیاند کە حەشدی شەعبى لە دەیان گرووپی چەکداری جیاجیا پێکهاتووە و بەر لە ماوەیەک بەهۆی ئەنجامدانی چەند تاوانێک نەتەوەیەکگرتووەکان ناوی خستۆتە لیستی شەرمەزارییەوە و پێشتریش لە ناوچە سوننە نیشنەکانی عێراق پێشێلکاری جۆراوجۆریان ئەنجامداوە هەر لە دەرکردنی هاووڵاتیان و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانیان، لەم رووەوە رێکخراوه‌ نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ چەندین راپۆرتیان لەو بوارە بڵاوکردۆتەوە و ئاماژەیان بەو پێشێلکاریانە کردووە.

لەم بارەوە (زێباری) زیاتر گوتی، "بەشێک لەو تاوانانەی کە حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەنشینەکان ئەنجامیاندابوو گەیشتۆتە ئاستی تاوانەکانی جەنگ و ئەو تاوان و پێشێلکاریانەی کە لە هەفتەی رابردوودا لە کەرکووک و دوزخورماتوو هیچی لەو تاوانانە کەمتر نەبوو، بەداخەوە تا ئێستا سەرەڕای هەڵوێستی بەشێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی هەندێک لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەوە نییە کە پێشبینی دەکرا بۆیە داوا لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یۆنامی) دەکەین کە لیژنەیەکی تایبەتی خۆیان بنێرن بۆ ئەو ناوچانە بەتایبەتی کەرکووک و خورماتوو و رەبیعە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشەکەبن و راستییەکان بە چاوی خۆیان ببینن.

(دیندار زێباری) سەبارەت بە رەوشی کەرکووک و دوزخورماتوو گوتی، "لە کەرکووک و دوزخورماتوو تاوانى زۆر بووە، تەنانەت گەیشتۆتە ئاستی دەستدرێژی کردنە سەر ئافرەتان، هەروەها بە هۆی بۆردومانى ناوچە مەدەنیەکان کراوە و بۆتە هۆى کوشتنى ٤٠٠ کەسى سڤیل و لەدوزخورماتووش زیاتر لە ٢٠٠ کەس کوژراون بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، هەروەها سوتاندنى سەروماڵى هاووڵاتیان و روخاندانى خانوو زۆر بووە، بەتایبەت بارەگاى حزبەکان و دوکان و شوێنە بازرگانییەکانی هاووڵاتیان، سووکایەتی بە لاشەى شەهیدەکان کراوە ئەمە جگە لەوەی هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی و درێژەپێدان بە سیاسەتی تەعریب دەدەن ئەویش بە هاندانى عەرەبە سوننەکانیش بۆ شەڕى تایفى، جگە لەمان چەندین پێشێلکارى تریش کراوە وەک سوکایەتى بەجل و بەرگى کوردى و ئاڵاى کوردستان و ناچار کردن بۆ بە زۆر وازهێنان لەدەوام و فەرمانیان کردووە ئەو فەرمانبەرانەى کورد بوون بەتایبەت لەکۆمپانیاى نەوت و پارێزگا بۆ دەست لەکارکێشانەوە تاوەکو خەڵک شوێنەکانیان جێبهێڵن بۆیە سەرجەم پێشێلکاریەکان بەلیست و ناو دراون بە نەتەوەیەکگرتوەکان.

سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەکانیش (زێباری) گوتی، "بەپێی زانیارییەکانمان تاكو ئێستا زیاتر لە (١68721) كەس لە كەركووك و خانەقین و زوممار و رەبیعە ئاوارەبوونە بۆ هەرێمى كوردستان و تەواوى ماڵى خاڵى خۆیان جێ هێشتووه لەوانە (80111) کەس روویان لە هەولێر كردووه و (28721) كەس چوونەتە شارى سلێمانى هاوكات (6111) كەس روویان كردووتە شارەکانى دهۆك و زاخۆ لە زوممار و رەبیعەوه بەهۆى هەڕەشەكانى حەشدى شەعبى.

زۆربەى هەرە زۆری ئاوارەكان لەلایەن هاووڵاتیانى هەرێمى كوردستان و خزم و کەسەکانیان میواندارى كراون لە هەرسێ شارەكانى هەرێمى كوردستان و هاوكات ژمارەیەكى بەرچاویان لە كەمپ و خانووى تەواو نەكراو و شوێنە گشتیەكان نیشتەجێ كراون و لە بارێكى زۆر خراپدان و پێویستیان بە هاوكارى دەست بەجێى و بە پەلە هەیە وەكو خواردن و خۆراك و بەتانى و پۆشاك و شیر و دایبى منداڵ و جلوبەرگ و سووتەمەنى و شوێنى نیشتەجێبوون و داودەرمان و چارەسەرى تەندروستى.

سەبارەت بەو زیانانەی کە بەر دوزخورماتوو کەوتووە (زێباری) گوتی، "خورماتوو زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و زیاتر لە (٣١,٠٠٠) خێزان کە دەکاتە (١٠٠,٠٠٠) سەد هەزار کەس ئاوارە بوون و شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە و زیاتر لە ١٥٠ خانوو تێکدراون لە نێویان ١٢ بارەگای حزبی سوتێنراوە و ٦ بارەگای دەزگاکانی راگەیاندن، هەروەها (١٩) کارگە و چێشتخانەی هاووڵاتیان و بە سەدان مۆڵ و دوکانی هاووڵاتیان تاڵان کراوە و سووتێندراوە، بەشێوەیەکی گشتی ئەو زیانانەی بەو شارە کەوتووە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت، هەروەها تا ئێستا لە کەرکووک و خورماتوو و سنونێ و زوممار هەڕەشە کردن لە هاووڵاتیان و دەرکردنیان لە سەر کارەکانیان و رفاندنیان بەردەوامە، بۆیە پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە پەلە لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکان بۆ ئەو ناوچانە پێک بهێنن و لەو تاوانانە بکۆڵنەوە کە دەرهەق بە خەڵکی ئەو ناوچانە ئەنجامدراوە لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جۆراوجۆرەکان بە بێ جیاوازی.
kdp-
Top