ئەحمەد تورک: ئێستا یەکڕێزیی کورد زەروورەتە
هێرشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەی عێراق بۆسەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان نیگەرانی لەلایەن کوردستانیان لێ کەوتووەتەوە بەجۆرێک کە لە ئێستادا سەرکردە سیاسییەکان دەڵێن دەبێ کورد لەو قۆناخەدا یەکریز بێت بۆ ئەوەی ئەو قۆناخەیش تێپەڕێندرێت. (ئەحمەد تورک)، سیاسەتمەدار لە باکووری کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو ڕەوشەی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕووی دا، ئێمە زۆری پێ دڵگرانین و ئازاری داین، بەرامبەر ئەو هێرش و ستەمکاریانەی دوژمنان چی بڵێین، دوژمنانمان هەردەم ئامانجیان لەنێوبردنی گەلی کوردە و دەبێت چاوەڕوانی هیچ شتی باش لە ئەوان نەکەین.''
ئەم سیاسەتمەدارە کوردە گوتی: ''دەبێ ئێمە بەخۆدا بچینەوە و وانە لە ڕابردووی خۆمان وەربگرین و سەیری داهاتووی خۆمان بکەین، بزانین بۆ ئەم ڕەوشە وای لێهات، ڕاستە دەمانگوت ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی مافی هەموو گەلێکە، بە کوردیشەوە، بەڵام دەبێ هەموو جۆرە ڕێکارەکان بگرینە بەر بۆ لەنێوبردنی دوژمنانمان، چونکە هەردەم ئاواتیان لەنێوبردنی ئێمەیە.''
(ئەحمەد تورک) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک کورد پێویستی بە یەکڕیزییە و زەروورەتیشە بۆ ئەوەی هەموومان بە یەک دەست ڕووبەڕووی دوژمنانمان بین.''
kdp-
