ئەندامێکی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی: پارێزگاکانی کوردستان ناتوانن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن
زیاد کاکەڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: "لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا نییە کات بۆ حکوومەت دابنێت، بۆ ئەوەی داواکارییەکان جێبەجێ بکات، بۆیە لەو یاداشتەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە داویەتی بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و واژۆم کردووە، بەڵام وەک تێبینی لەگەڵ ئەوە نەبووم، ئەنجومەنی پارێزگا ماوە بۆ حکوومەت دیاری بکات".
ڕوونیشی کردەووە: "بۆ ھیچ پارێزگایەکی ھەرێمی کوردستان نییە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات".
دوێنێ سێشەممە ٢٤/١٠/٢٠١٧، ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕای گەیاند:" لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا بڕیار درا مۆڵەتی ١٥ ڕۆژ بدەنە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئامادەکاری بکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا".
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردبوو: " پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مووچە بدات بە فەرمانبەران و ھیوادارین وەڵامیان ئەرێنی بێت، ئەگەر نا بۆ پەیداکردنی مووچە ھەر ڕێگەیەک پێویست بکات دەیگرنە بەر".
باسنیوز
