ئێران ستایشی هێرۆ برایم و ئاڵا تاڵەبانی و سروە عەبدولواحید دەکات
ماڵپەڕی (ئیرنا) لەمبارەوە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، ئەو پێنج ژنە سێ کەسیان لە ھەرێمی کوردستانن و دوو کەسی دیکەشیان لە باشووری عێراقن کە بە باوەڕی کارناسان، ئەو پێنج کەسە لە ڕیزی کاریگەرترین ئەو کەسانە دان کە لەناو چالاکوانە حزبی و سیاسییەکاندا لە ڕزگارکردنی عێراق و یەکپارچەیی عێراقدا دەوری بەرچاویان گێڕاوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە: "لەسەرووی ھەموویانەوە، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ھاوسەری جەلال تاڵەبانی، سەرکۆماری پێشووی عێراقە کە کاریگەری لەسەر پاڤێڵ و قوباد تاڵەبانیی کوڕی ھەیە و پێشی لە دایبوونی عێراق گرت“.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی فەرمیی ئێراندا ھاتووە: "سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دووەمین ژنی کاریگەرە لەم بارەوە و بەھۆی دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی بارزانی، لەناو حزبەکەی خۆی و سەرتاسەری عێراق، جێگەی ڕێزە و لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا لە ڕاگەیەندراوێکی ڕوون و ئاشکرادا گوتی، بەشداریی ئەو ڕیفراندۆمە نابێت".
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە: "ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، یەکێکی دیکە لەو ژنانەیە لە بەرانبەر ڕیفراندۆمی کوردستاندا وەستایەوە و بەرگری لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق کرد و بە توندی لە بەرانبەر سەربەخۆخوازەکان وەستایەوە و تەنیا ژن و کەسێک بوو کە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی جەلال تاڵەبانیدا بە بوونی ئاڵای ھەرێمی کوردستان لەسەر تابووتەکەی مام جەلال ناڕەزایی دەربڕی و گوتی دەبووایە بە ئاڵای عێراقەوە بیپێچنەوە".
لەو ڕاپۆرتەدا (ئیرنا) ئاماژەی بەوەش کردووە: "جیا لەم سێ ژنە کوردە، حەنان فەتلاوی و عالیە نسەیەف، دوو پەرلەمانتاری عێراقی بوون کە ڕۆڵی کاریگەریان گێڕاوە کە بە دەربڕینی بۆچوونی دژایەتیی خۆیان لە بەرانبەر نیازەکانی پشت ڕیفراندۆمی کوردستان، زیاتر لە پەرلەمانتار و پیاوە سیاسییەکان لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقدا دەوریان گێڕاوە“.
باسنيوز
