مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی: کورد بەر ڕقی شۆڤێنی و تایفەگەریی چەند گرووپێکی چەکدار کەوتووە
لەو ڕاگەیاندراوەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 25/10/2017 بڵاو کراوەتەوە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوە داوە کە خورماتوو زیاتر لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، کەوتووەتە بەر ڕقێکی تایفەگەری و هەزاران خێزان ئاوارە بوون و سەدان ماڵ لەو شارە سووتێنراون.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە دەیان هاووڵاتیی کوردی خورماتوو شەهید کراون و بێسەروشوێن کراون. بۆیە ئەگەر ڕێگە لەو تایفەگەرییە نەگیرێت، ئەوا جینۆسایدکردنی کوردی لێ دەکەوێتەوە.
هەر لەو ڕاگەیاندراوەدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، ڕێگە لەو هەوڵە تایفەگەرییە بگرێت و خورماتوو بە ناوچەیەکی لێقەوماو هەژمار بکات.
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
بەیاننامەی
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەبۆنەی کارەساتی تایفەگەری لە دوزخورماتو
ئەی نەتەوە یەکگرتوەکان!
رای گشتی جیھان!
لایەنە عێراقیە نیشتمانپەروەرەکان!
ھەروەکو نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانو رێکخراوی مافی مرۆڤی جیھان دانی پێداناوە، دوزخورماتو، لەکەرکوکو شارەکانی تر، لەدوای کارەساتی (١٦/١٠)وە، زیاتر کەوتۆتە بەردەم رقێکی تایفەگەریەوە. ھەزاران خێزان ئاوارە کراون. سەدان ماڵی کورد، سوتێنراون، یان دزراون، دەیان ھاوڵاتیش شەھید کراون. ئەمە جگە لە بێسەروشوێنکراوان لەناوچەکەداو سوتاندنی زیاتر لە دوو ھەزار ماڵی ھاوڵاتی.
ھەموو جیھان دەزانێ، لەدوای شەڕێ داعشەوە، نەخشەی تایفی ھەبوو، دوزخورماتو، ھەتا دەگاتە ئامرلیو سلێمانبەگو یەنگەجە، کۆنترۆڵی تایفی بکرێ. ئێستا، نەک ھەر ئەو ناوچەیە، بەڵکو کوردیش بەر ئەو رقە شۆڤێنیو تایفەگەرییەی ھەندێک گروپی چەکداری توندڕەو کەوتووە، کە بەناوی شیعەوە، دەیانەوێ خۆیان بسەپێنن.
ئەگەر بێتو نەتەوە یەکگرتوەکانو حکومەتو پەرلەمانی عێراقو ئەمریکا فریانەکەون، ئەم ئاگرە تایفییە مەترسیی جینۆسایدکردنی کوردی لەو ناوچە کوردستانیە کێشەلەسەرە لێدەکەوێتەوە. بۆیە:
یەکەم: داوا دەکەین، بەھەموو تواناوە، بەھانای لێقەوماوانی دوزخورماتووە، بچن. بەڵکو وەکو ناوچەیەکی لێقەوماو حساب بکرێ.
دووەم: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەپەرلەمانی عێراق پێکبێت، بۆ دەرخستنی تاوانەکانو راسپاردنی حکومەت کە رێگە بگرێ لە تاوانی زیاترو سزادانی تاوانبارانو قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان.
سێھەم: ھەقوایە، ھیچ کاربەدەستێکی کوردو سیاسییەکو پەرلەمانتارێک، ئامادە نەبن چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە چەکدارە تاوانبارەکان بکەنو لەباتی ئەوەی داوا بکەن سزایان بدەن، کەچی سەردانیان دەکەنو رێزیان لێدەگرن.
جەماوەری غەدرلێکراوی دوزخورماتوو!
خەڵکی کوردستان!
یەکێتی، ھەر لەسەرەتای شەڕی بەرەنگاری داعشەوە، دژی ھاتنی ھێزی چەکداری جۆراوجۆر بووە، بۆ ناو دوزخورماتو. ھەوڵی زۆریشمان دا، دوای ھاتنیان بکشێنەوە. بەڵام بازرگانانی خوێنو فرمێسک، سورتر دەبون لەسەر داگیرکاریو کوشتوکوشتار.
لەدوای (١٦/١٠)وە، لەھەموو بارێکەوە، لەگەرمیانو سلێمانیو چەمچەماڵو ھەرشوێنێک خەلچکی لێقەوماوی دوزخورماتو، ھانایان بۆ بردبێ، بەھەموو توانایەک، خزمەتمان کردون. ئێستاش، یەکێتی خۆی بە پارێزەری راستەقینەی خەڵکی شارەکەو دەوروبەری دەزانێ، ھەرچی لەدەست بێت، لەجیھانو عێراقو کوردستان درێغی لێناکات، ھەم بۆ خزمەتکردنو ھەم بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەیان.
- سڵاو بۆ شەھیدانی غەدرلێکراوی دوزخورماتو.
- سڵاو لە خەڵکە کۆڵنەدەرەکەی.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٥/١٠/٢٠١٧
باسنيوز
