وەفیق سامەرایی: بۆ گەرەنتیکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق دەبێ هاوکاریی باڵێکی یەکێتی و گۆڕان بکرێ

 وەفیق سامەرایی: بۆ گەرەنتیکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق دەبێ هاوکاریی باڵێکی یەکێتی و گۆڕان بکرێ
بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە سەردەمی بەعس، داوا دەکات، بە مەبەستی گەرەنتیکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق، هاوکاریی باڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بکرێت.



ئەمڕۆ چوارشەممە 25/10/2017، وەفیق سامەرایی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە سەردەمی بەعس، لە نووسینێکیدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”لەم دۆخەدا پێویستە لێکتێگەیشتن لەگەڵ گەنجانی سلێمانی لە تیمی تاڵەبانی (پاڤڵ تاڵەبانی، ئاراس و لاهور جەنگی) و گۆڕان و ئەوانی دیکە بکرێت، بۆ گەرەنتیکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق“.



هاوکات داوای کردووە بەرپرسانی باڵا بۆ فەرمانبەری کارگێڕی بگۆڕدرێن تاوەکوو نەتوانن کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی خەڵک هەبێت.



وەفیق سامەرایی ئەوەی نەشاردووەتەوە کە دواخستنی هێرشەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەولێر دایە و کوردستان هەوڵدەدات لە ڕێگەی جووڵاندنی ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە کە جموجۆڵی هێزە عێراقییەکان سست دەکات، سوود لە دۆخەکە وەربگرێت.



ڕۆژی 16/10/2017، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، هێزێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، حزبوڵای لوبنانی و سوپای عێراق)، بە پشتیوانیی هێزێکی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان کردە سەر خورماتوو و کەرکووک و بەو هۆیەوە دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت و سەدان پێشمەرگە و خۆبەخش و هاووڵاتییان شەهید کرد و ماڵی کوردانیان لە خورماتوو و کەرکووک سووتاند. دواتریش کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“.



باسنیوز
Top