لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە پیلانێکی نوێ بۆ تەعریبکردنی کەرکووک و خورماتوو جێبەجێ دەکرێ

 لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە پیلانێکی نوێ بۆ تەعریبکردنی کەرکووک و خورماتوو جێبەجێ دەکرێ
قایمقامی شاری خورماتوو هەوڵێکی نوێی حکوومەتی عێراقی بۆ تەعریبکردنی کەرکووک لە ڕێگەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئاشکرا کرد و داوای دەست بەجێ وەستاندنی ئەو هەوڵەی کرد.



شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو، لەبارەی بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ گواستنەوەی خێزانی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ شاری کەرکووک، راگەیاند: ئەمە شتێکی باش نییە و خزمەت بە دۆخەکە ناکات و شێوازی تەعریبکردنی تازەی کەرکووک و خورماتووە، ھەوڵێکیشە لەدژی کوردستان و دەیانەوێت جارێکی دیکە پاساوھێنانەوەی درۆ بۆ ئەو ناوچانە بھێننەوە گە گوایە کورد و عەرەب لەو شارانەدا ھاوسەنگن".



قایمقامی خورماتوو ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەم کارە دەرەنجامی سیاسەتی ھەڵەی بەغدایە کە ھێشتا سوورە لەسەر ئەوەی بیەوێت لەڕێگای ھێزەوە خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدا فەرز بکات، بۆیە دووبارە خەریکی تەعریبکردنی کەرکووکن و دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت، ناسنامە و دیمۆگرافیای شارەکە بگۆڕن“.



شەلال عەبدول، لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتیشی: "بەغدا بەنیازە لەڕێگەی ئەم پیلانەوە رێژەی 32٪ بۆ سەرجەم پێکھاتەکانی شارەکە دابنێت و گوایە لەسەر ئەو ژمارە ھەموو شتەکان دابەش دەکرێت“.



ڕۆژی 16/10/2017، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، هێزێکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، حزبوڵای لوبنانی و سوپای عێراق)، بە پشتیوانیی هێزێکی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێرشیان کردە سەر خورماتوو و کەرکووک و بەو هۆیەوە دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت و سەدان پێشمەرگە و خۆبەخش و هاووڵاتییان شەهید کرد و ماڵی کوردانیان لە خورماتوو و کەرکووک سووتاند. دواتریش کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“



باسنیوز
Top