ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی: هەولێر لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا چەند داواکارییەکی هەیە
عارف ڕوشدی، راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد: داوامان لە بەغدا کردووە، دەرگای گفتوگۆ بکاتەوە، دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەری ھەموو گرفتەکان دەکات، ئێستاش ھیچ بیانوویەک بەدەست عێراقەوە نەماوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ نەکات، سڕکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم بەشێکی بۆ ئەوەیە کە درێژە بە گفتوگۆ بدرێت لەگەڵ بەغدا و بەشێکی دیکەشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خوازیاری باشترکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیە، نەک دروستکردنی گرفت، بۆیە ئێستا دەبێ حکوومەتی عێراق پێشوازی لەدەستپێشخەری و گفتوگۆ بکات، چونکە فشارێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی دانوستان لە نێوان ھەردوولا بکرێت و بە پێچەوانەشەوە ھەردوولا زەرەر دەکەن".
ئەو ڕاوێژکارەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەوەی لە بەغدا داوای دەکەین، دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، لەوانەش جێبەجێکردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی مووچە و بوودجەی کوردستان و دابینکردنی ئاسایشی سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25/10/2017، لە ڕاگەیاندراوێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی ئەوەی کرد کە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان سڕ بکرێت و گفتوگۆکان لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێبکاتەوە.
باسنيوز
