د.یوسف گۆران: بەغدا 50 مادەی دەستووری بەرامبەر ھەرێمی کوردستان پێشێل کردووە
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ جێگری کونسوڵی ئەڵمانی کۆبوویەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤/١٠/٢٠١٧، د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە دیوانی وەزارەت، لەگەڵ ھێلن مێرکس، جێگری کونسوڵی ئاڵمانیا کۆبوویەوە،
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە میانی دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەر کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی بەڕێگەی دیالۆگ و دەستوور چارەسەر نەکرێ، مەترسی تەشەنەسەندنی زیاتری لێ دەکرێ، بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.
ھەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا، سوپاسی حکومەتی ئاڵمانیای کرد کە ڕاھێنانەکانیان بەھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەست پێ کردووەتەوە، دواتریش کورتەیەکی لەسەر دواین پێشھات و گۆڕانکارییەکان و کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقیان تاوتوێ کرد، بەتایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان.
وەزیری خوێندنی باڵا، ئەوەشی روون کردەوە کە ئەگەر ئەو دۆخە بەھەڵپەسێردراوی درێژە بکێشی ئەگەری ڕوودانی کێشەی گەورەتر دەکرێ، گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندین بەپێیی دەستوور کێشەکان یەکلایی بکرێنەوە، بۆ ئەوەش دووجار دەستپێشخەریمان کردوەو ئامادەییمان پیشانداوە بۆ ئەوەی بەڕێگەی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین، چونکە لەلایەنی حکومەتی عێراقیەوە تا ئێستا زیاتری لە (٥٠) ماددەی دەستووری کە پەیوەندیان بەھەرێمی کوردستانەوە پێشیلکراون".
bas news-
