نێچیرڤان بارزانی: خوالێخۆشبوو عەلی عەبدوڵڵا تێكۆشەر و مامێكی بەوەفای ئێمە بوو

نێچیرڤان بارزانی: خوالێخۆشبوو عەلی عەبدوڵڵا تێكۆشەر و مامێكی بەوەفای ئێمە بوو
(نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆكوه‌زیرانى هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێكدا بەبۆنەی كۆچی دواییی (عەلی عەبدوڵڵا)، جێگری پێشووی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، سەرەخۆشی لە ئەندامانی پارتی و خەڵكی كۆیە و هەموو خەڵكی كوردستان دەكات. هەروەها لە پەیامەكەیدا (عەلی عەبدوڵڵا) بە خۆڕاگری ڕۆژە سەختەكان و پارتییەكی بەوەفا و تا دوا هەناسە شۆڕشگێڕ وەسف دەكات.

ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:

پەیامی سەرەخۆشی بەبۆنەی كۆچی دوایی تێكۆشەری گەورەی نەتەوەكەمان مامۆستا عەلی عەبدوڵڵاوه:‌

بەبۆنەی كۆچی دواییی تێكۆشەری گەورە مامۆستا عەلی عەبدوڵڵاوه‌، پرسە و سەرەخۆشی لە سەرۆك مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتى، هەموو جەماوەری پارتی، بنەماڵەی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، خەڵكی كۆیە و هەموو نەتەوەی كورد دەكەم.

مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، نموونەی پارتییەكی بەوەفا و شۆڕشگێڕ بوو بۆ پارتی و نەتەوەكەی، هەر لە سەرەتای دەستپێكردنی ژیانی لاوێتییەوە تێكەڵاوی خەباتی ڕۆشنبیری و سیاسیی كوردستان بووە و لە كاتی دامەزرانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وەك تێكۆشەرێكی بەباوەڕ دەستی بەخەبات كرد و بە لێزانی و دڵسۆزی و خەباتەكەی، بووە جێگەی متمانەی سەرۆكی پارتی و ڕێبەری شۆڕشی كوردستان بارزانیی نەمر.

مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلووله‌وه‌ دەستی لە خەبات بەرنەدا و خۆڕاگر مایەوە، لە كۆنگرەی نۆیەم و دوای كۆنگرەش وەك سكرتێری پارتی ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پاراستنی یەكڕیزیی پارتی دیموكراتی كوردستان هەبوو، هەروەها دواتریش وەك جێگری سەرۆكی پارتی لە ڕۆڵی خۆی بەردەوام بوو لە هەوڵدان بۆ پاراستنی پەیڕەوی پارتی و ڕێبازی بارزانی لە ژیانی پارتایەتی و لە كاری سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستاندا. مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا، هەمیشە فێری دەكردین كە دوژمنان هەوڵ دەدەن پارتی تێكبشكێنن، بەڵام پارتی دوای هەموو هەوڵێك و دوای هەموو هێرشێك بەهێزتر دەبێت، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان پارتێكی مێژووكردی هەڵقوڵاوی ناو گەلی كوردستانە.

لە ڕووی شەخسیشەوە، من هەمیشە پەیوەندییەكی زۆر بەهێزم لەگەڵ مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا هەبووە و هەڵسوكەوتی نێوانمان وەك مام و برازا بووە. هەر بە ڕاستی و بە كردەوەش مامێكی بەوەفا و دڵسۆز بوو بۆ ئێمە. لە كاتی كۆچی دواییی باوكمدا كە ئەوكات سەرۆك مەسعوود بارزانی لە بەرەكانی شەڕ بوو لەگەڵ پێشمەرگە لە سنووری لقی 1ی پارتی دیموكراتی كوردستان، مامۆستا ڕۆڵێكی گرنگی گێڕا لە بەرزهێشتنەوەی ورەی پارتی و دڵنەواییكردنی من و هەموو خوشك براكانم و بنەماڵەكەمان بەگشتی. لەو كاته‌دا دووبارە وێنەی تێكۆشەرێكی گەورە و مامێكی دڵسۆزمان لە خۆڕاگری و خەمخۆرییەكانیدا دەبینی، لەبەر ئەوەش هەمیشە لەناو خەباتی پارتی و بیرەوەریی ئێمەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

بەبۆنەی كۆچی دواییی ئەو تێكۆشەرە مەزنه‌وە، دڵنەوایی بۆ هەموو هەڤاڵان و دۆستان و كەسوكاری دەخوازم و لە خوای گەورە داواكارم ڕووحی پاكی مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا بە بەهەشت شاد بكات.

kdp-
Top