چاودێرێکی سیاسی: پێشمەرگە ئەمڕۆ وانەیەکی دیکەی سەربازیی نیشانی حەشدی شەعبی دا
(خالد ئەحمەد)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەوانەیە خەڵکێک لەو باوەڕەدا بوو پێشمەرگە وەک ئەوەی شەڕی داعشی دەکرد ناتوانێ شەڕی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان بکات، لەھەمان کاتدا حەشدی شەعبی و سەرکردەکانی عێراق وایان دەزانی پێشمەرگە خۆی لەبەر ھێزی ئەوان ناگرێت و خۆیان بە ھێزێکی زەبەلاح دەزانی بەرامبەر بە ھێزی پێشمەرگە، کەچی ئەو بۆچوونانە، ھەموویان ھەڵە دەرچوون. سەرەتا سەرکردایەتی و خەڵکی کوردستان داوای دانوستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی بە ڕێگەی ئاشتییانە دەکرد، بابەت ئەوە نەبوو پێشمەرگە ئامادەی بەرگری نییە، دیاریش بوو کاتێک پێشمەرگە بڕیاری بەرگریی دەکرد لە داستانی پردێ چ دەرسێکی پێشانی حەشدی شەعبی دا، سەرەڕای ئەوەش، ھێشتا دیارە حەشدی شەعبی تەمبێ نەبووە و ھێشتا پەندی وەرنەگرتووە لە داستانی پردێ، ئەمڕۆ لە چەند میحوەرێک خۆیان تاقی کردەوە، بەڵام ھەموو لایەک بینی پێشمەرگە چ گورزێکی کوشندەی لە چەکدارانی حەشدی شەعبی دا و چوون پاشەکشەیان کرد و دەیان تەرمی خۆیان بەجێ ھێیشت.''
چاودێران پێیان وایە ھێزە عێراقییەکان ئەو توانایەیان نەماوە کوردستان داگیر بکەن و ھێزەکانی پێشمەرگە ئامادە بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن، وەک چۆن پێشتر ھەزاران شەھیدی پێشکەش کرد و نەیھێشت داگیرکەران شوێنیان لە کوردستاندا ببێتەوە. لەمبارەوە (خالد ئەحمەد) گوتی: ''ئیدی حەشدی شەعبی و ھیچ ھێزێکی دیکەی عێراق ناتوانن پێشڕەوی بکەن بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان و بگرە ئەگەر پێشمەرگە نییەتی ھەبێت دەتوانێ زۆر ناوچەی دیکە بگرێتەوە لەژێر دەستی حەشدی شەعبی و ناتوانن بەرەنگاری پێشمەرگە ببنەوە.''
لە کاتی ھێرشی ئەمڕۆی حەشدی شەعبیدا، ھێزەکانی سوپای عێراق لە ھەردوو میحوەری ڕەبیعە و مەخموور بە شێوەیەک شکستنیان ھێنا، زۆربەی چەکدارەکانیان بەرەو شوێنی نادیار ڕایان کرد و ١٥ چەکداریش بەدیل کەوتنە دەست ھێزەکانی پێشمەرگە، (خالد ئەحمەد) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر لەشکری عێراق و ھێزەکانی حەشدی شەعبی ھەیە، لە لایەن پێشمەرگەوە دەستی خۆیان لێ بوەشێنن و وەک ساڵی ٢٠١٤ کاتی ھێرشی داعش سوپای عێراق بەو چەک و پێداویستیە پێشکەوتووەی سەربازی ھیچ ئیرادەیەکی نەبوو بەرگری بکات، لەوانەیە ئێستا ئەوە ئاسانتریش بێت، بە ھۆی ناکۆکیی نێوان سوپا و گرووپەکانی حەشدی شەعبی، لەبەر ئەوەی ھیچ ھەماھەنگیان نییە و حەشدیش بۆخۆی لە چەند گرووپێک پێک ھاتووە.''
kdp-
