نێچیرڤان بارزانی و كۆبیش وه‌ستاندنی جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه
ئێواره‌ی ئه‌مرۆ سێشه‌ممه ٢٤/١٠/٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له (یان كۆبیش) نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عیراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا (كۆبیش) نیگه‌رانیی خۆی سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌كانی چه‌ند رۆژی ڕابردووی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن گرژی و ئاڵۆزییه‌كان و جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كانی عیراق بوه‌ستێنرێن و هه‌موو لایه‌ك دان به‌خۆیاندا بگرن.
دووپاتیشی كرده‌وه كه باشترین چاره بۆ كۆتاییهێنان به‌م بارگرژییه، زه‌مینه‌سازییه‌كی گونجاوه بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هیوای خواست ئه‌و كرده‌وانه چیتر نه‌بنه هۆكاری ئاواره‌بوونی خه‌ڵك.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ی كرد و دووپاتی كرده‌وه كه تاكه چاره دیالۆگ و گفتوگۆیه‌كی جددییه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه هه‌رێمی كوردستان پێش و دوای ڕیفراندۆمیش هه‌میشه خوازیاری ئه‌نجامدانی دیالۆگێكی جیددی بووه له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌مباریه‌وه ڕۆڵی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی هاوپه‌یمانی بۆ زه‌مینه‌سازی به پێویست زانی.
دووپاتی كرده‌وه كه ده‌بێت جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كان بوه‌ستێنرێن چونكه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه‌دا نییه و كێشه‌كان زیاتر ده‌كات، ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ دیالۆگێكی جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا دووپات كرده‌وه.
kdp-
