بەغدا پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە یەکێتی دەسەنێتەوە و حاکمێکی عەسکەری لە جێگە دادەنێت
ئارێز عەبدولڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، رێککەوتنێک لە نێوان یەکێتی و بەغدا ھەبووە بۆ دانانی رزگار عەلی، لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەڵام رێککەوتنەکە کێشەی تێکەوتووە و بەغدا داوای کردووە، یەکێتیی ناوی سێ کاندید بنێرێت بۆ ئەوەی یەکێکیان دەستنیشان بکرێت.
ھاوکات ئەوەشی بۆ کەناڵی (کوردستان 24) ئاشکرا کردووە: ”کاندیدی یەکێتیی رزگار عەلییە و بەغداش بە بیانووی جیاجیا رازی نییە پۆستەکە بە یەکێتی بداتەوە“. ئەوەشی نەشاردەوە کە مەترسییان ھەیە حاکمێک بۆ پارێزگاری کەرکووک بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دابنرێت، بەھۆی ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناتوانێت کۆببێتەوە.
ھەر لەمبارەیەوە ماڵپەڕی (مەدا پرێس) ئاشکرای کرد، ئێستا حکوومەتی عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات کە حاکمێکی عەسکەری لە جێگەی پارێزگاری کەرکووک بە دەسەڵاتێکی بەرفراوانەوە دابمەزرێنێت کە دەتوانێت سەرپەرشتیی کارەکانی پارێزگاری ئێستای کەرکووک بە وەکالەت بکات.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لە چوارچێوەی ئیدارەکەی حاکمی عەسکەریی نوێ لە کەرکووک، دوو جێگر بۆ راکان سەعید جبووری، پارێزگاری ئێستای کەرکووک بە وەکالەت (لە پێکھاتەی عەرەب) دادەنرێ کە یەکێک لە جێگرەکانی کوردە و جێگرەکەی دیکەشی عەرەب، ئەم شێوازی ئیدارەدانەش تاوەکوو ھەڵبژاردنەکانی 2018ی ساڵی داھاتوو کاری پێ دەکرێت.
پێشتر بەپێی ڕێککەوتنێک، باڵێکی یەکێتی لە ڕۆژی 16/10/2017 و لە کاتی ھێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بۆ سەر کەرکووک و خورماتوو، فەرمانیان بە بەشێک لە ھێزەکانی سەر بە یەکەی 70ی پێشمەرگە کرد، بەرگری نەکەن و بەو ھۆیەوە کەرکووک و خورماتوو و زۆر ناوچەی کوردستانیی دیکە کەوتنە دەست میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و تاوانێکی زۆریان لەو ناوچانە ئەنجام دا. لەمبارەیەشەوە لە پەیامێکدا کە ڕۆژی 18/10/2017 بڵاوی کردەوە، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“ کە مەبەستی لەو باڵەی یەکێتی بوو کە ڕێککەوتنیان لەگەڵ عێراق کردووە.
باسنيوز
