فراكسیۆنی یەكگرتوو: بارودۆخی ئێستای کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان گونجاو نییە
ئەبووبەكر هەڵەدەنی، پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پرێس كۆنفراسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند: "ئێستا تەمەنی پەرلەمانی كوردستان تەنیا 14 ڕۆژی ماوە، بۆیە هەموومان دەزانین ئەگەر چەواشەكاری و موزایەدە بەسەر یەكتردا نەكەین ئەستەمە لە 1/11/2017 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، چونكە نە لایەنە سیاسییەكان و نە حزبەكانی هەرێمی كوردستان بە گەرمی پێشوازییان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا نەكردووە، بۆیە بارودۆخی ئەمنی و دەروونیی هاووڵاتییان ئامادە نییە بۆ ئەوەی لەو وادەیەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن".
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو: "فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەنگ بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە ماوەی سێ تا شەش مانگ دەدات، تا ئەوكاتەش كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی دەتوانێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان ئامادە دەكات."
هاوکات هەر لەمبارەوە نازم ھەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: "ھەریەکە لە لایەنەکانی یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان ڕێک کەوتوون، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤/١٠/٢٠١٧ی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ لەسەر ماوەی درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، چونکە ھەندێک لە لایەنەکان پێیان باشە ماوەی دوو ساڵ وادەکە درێژ بکرێتەوە، ھەندێکی دیکەش ماوەی ساڵێک و ئێمەش ماوەی تەنیا ھەشت مانگمان پێ پەسەندە".
باسنیوز
پێشتر بڕیار بوو لە ڕێکەوتی 1/11/2017 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.
