ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی: تاقمێکی نێو حزبێک لە کوردستان پیلانی مالیکی جێبەجێ دەکەن

 ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی: تاقمێکی نێو حزبێک لە کوردستان پیلانی مالیکی جێبەجێ دەکەن
ڕاویژکارێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دوای پیلانی ھێرشکردنە سەر کوردستان، قۆناغی دووەمی پیلانەکە دابەشکردنی کوردستانە بەسەر دوو ھەرێمدا کە مالیکی پێشنیاری کردووە.



عارف ڕوشدی، ڕاگەیاند: ”بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێزەکانی پێشمەرگە، لە نزیک ناحیەی رەبیعە، ھێرشێکی حەشدی شەعبیی داگیرکەریان تێکشکاند و دوو زرێپوش لە جۆری باجەر و یەک ھەمەریان تێکشکاندووە و چەندین کوژراو و برینداریشیان ھەیە، ئەمە قۆناغی یەکەمی پیلانی داگیرکردنی کوردستانە، بەڵام قۆناغی دووەمش ماوە کە ھەندێک تاقمی دیاریکراو لەناو حزبێک ھەوڵی بۆ دەدەن کە جێبەجێکردنی پیلانێکی نووری مالیکییە کە پڕۆژەکە لە دوو خاڵ پێکدێت".



ئەو ڕاوێژکارەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتیشی: "خاڵی یەکەمی پرۆژەکە ئەوەیە ھەرێمی کوردستان بکرێتە دوو ھەرێم، ھەندێک گرووپی ملکەچی بوون وکار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کوردستان دەکەن، ئەمە پیلانێکی فراوانە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی کوردستان، پیلانگێڕییەکە گەورەیە، ھەنگاو بە ھەنگاو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بۆیان ناچێتە سەر".



عارف ڕوشدی ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک سیناریۆیان لەبەدەستەوە و یەکێک لەوانە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھەیە، باسی پرسی نەوت و ئاوارەکان و مووچە دەکەن و بیانوویەکی لاوازیان ھەیە کە ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەیتوانی جێبەجێیان بکات، دەچنە بەغدا، خاڵی دووەمی پرۆژەکە پارێزگاکان لەلایەن بەغداوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، کە ئەوەی ئەمڕۆش لەو چوارچێوەیە دایە".



هیوای ئەوەشی خواست کە ”تێکۆشەرانی سلێمانی“ نەچنە ژێر باری پڕۆژەکەی مالیکی و نەبنە بەشێک لەو هەوڵانەی بۆ دابەشکردنێکی دیکەی کوردستان دەدرێت.






باسنیوز
Top