تەرمی كه‌سێك لەماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و گومان له‌ چۆنێتى گیان له‌ده‌ستدانى ده‌كرێت

تەرمی كه‌سێك لەماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە و گومان له‌ چۆنێتى گیان له‌ده‌ستدانى ده‌كرێت
ڕائید عه‌لى قه‌دوورى، گوته‌بێژى پۆلیسی گه‌رمیان، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ڕای گه‌یاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە لەگەڕەکی گازینۆی شاری کەلار، تەرمی كه‌سێك بەناوی (ک ئه‌ م) لەدایکبووی ساڵى 1983 لەماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە".


ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، کە به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان، كه‌سه‌كه‌ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێکە گیانی لەدەستداوە و کەس ئاگاداری نەبووە ، هه‌روه‌ها هاتووه‌: "بەگوتەی کەسوکاره‌كه‌ی، کێشەی خێزانی هه‌بووە و چەند مانگێکە بەتەنها دەژی".


ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌ دوای ئه‌وه‌ى پۆلیس له‌ ڕووداوه‌كه‌ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌، مەفرەزەكانیان چوونە شوێنی ناوبراو و تەرمەکەیان بۆ بەشی پزیشکی دادوەری شاری کەلار، گواسته‌وه‌.


به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ى پێدرواه‌، بەهۆی تێکچوونییه‌وه‌، بڕیارە ته‌رمه‌كه‌ ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی بکرێت بەمەبەستی بشکینینى زیاتر و زانینی هۆكارى گیان له‌ده‌ستدانى، پۆلیسیش لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات.
bas news-
Top