تیلەرسۆن بۆ عەبادی: لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ كوردستان دووركەوە
ئەمڕۆ دووشەممە ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی دووپات كردەوە كە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ كوردستان دوور بكەوێتەوە.
تیلەرسۆن ئەمشەو بە سەردانێكی چاوەڕوانەكراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عەبادی كۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی عەبادی لەبارەی كۆبوونەوە دووقۆڵیەكەی نێوان عەبادی و تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە عەبادی كردووە لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی لەگەڵ كوردستان دووربكەوێتەوە و پشت بە دەستووری عێراق ببەستن بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوان ناوەند و هەرێمی كوردستان.
راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە باسی بارودۆخی كەركووك بەشێكی سەرەكی وتوێژەكانی نێوان هەردوولا بووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە 16ی ئەم مانگەوە بەهۆی خیانەتی باڵێكی ناو یەكێتی، شاری كەركووك رادەستی سوپای پاسداران و میلیشیاكانی حەشد كرا.
جێی باسە پێشتر تیلەرسۆن رایگەیاندبوو كە پێویستە حكوومەتی عێراقی بە زووترین كات چەكدارە بیانییەكان لەنێو میلیشیای حەشد ڕەوانەی وڵاتەكانیان بكاتەوە، بەتایبەتی چەكدارانی سوپای پاسدارانی ئێران.
bas news-
