یەزدانپەنا: هەر جووڵەیەك بۆ سەر سەنگەرەكان بە توندترین شێوە وەڵام دەدەینەوە

یەزدانپەنا: هەر جووڵەیەك بۆ سەر سەنگەرەكان بە توندترین شێوە وەڵام دەدەینەوە
فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێت، پێشمەرگەی كوردستان بەرامبەر بە هێزی دوو دەوڵەت وەستاوەتەوە، ئەوان پێشكەوتووترین چەكی ئەمریكایان پێیە، پێشمەرگە دەستپێشخەر نابێت لە تەقەكردن، بەڵام ئەوان هەر جووڵەیەك بە ئامانجی هێرشكردن بۆ سەر سەنگەرەكان بکەن، بە توندترین شێوە وەڵایان دەدەنەوە.

(حوسێن یەزدانپەنا)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دیاریی كرد: ''هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرامبەر هێزی دوو دەوڵەت وەستاوە، كە ژمارەی هێز و ئەو چەكەی پێیانە زۆر زیاترە لە هێزی پێشمەرگە و ئەو چەكەی لای هێزی پێشمەرگە هەیە، كە زیاتر لە 4 لیوایان لەو شەڕەدا بەشدار بوون، هەروەها لە ڕووی چەكەوە، ئەوان پێشكەوتووترین چەكی ئەمریكایان پێیە، دەبابەی ئەبرامزیان پێیە، كە پێشكەوتووترین دەبابەیە لە هەموو جیهان، هەرچیی چەكی پێشكەوتووی ئەمریكا کە دراوە بە بەغدا بۆ شەڕی دژ بە داعش، ئەوان لەو شەڕەدا دژ بە هێزی پێشمەرگە بەكاریان هێناوە، هێزی پێشمەرگەی نەتەوەیەكی بێدەوڵەت، بەرامبەر چوار لیوای دوو دەوڵەت وەستاون، كە شەڕی ئەو دوو دەوڵەتە لە دژی هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی (قاسم سولەیمانی) بوو، كە لە ناو هەمەر و ئۆتۆمبێلە تێكشكاوەكانی ئەواندا ئاڵا و وێنەی سەركردەكانی ئێران بینراوە، سەدان ئەفسەری سوپای پاسداران سەرپەرشتیی هێرشەكەیان كردووە، بەڵام ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتبەستن بە ڕەوابوونی پرسەكەمان توانیومان تێكی بشكێنین و پاشەكشەیان پێ بكەین و زیانێكی زۆری گیانی و ماددییان لێ بدەین و هەموو جیهانیش بێنینە سەر خەت.''

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە: ''ئەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان نییە دەستپێشخەری شەڕە، ئەوە ئەوانن شەڕیان دژی كورد و هێزی پێشمەرگە هەڵگیرساندووە، بەڵام هێزی پێشمەرگە بەو پەڕی مەعنەویاتی بەرزەوە، سەنگەری بەهێزە و ئێرادەی لەشكاننەهاتووی خۆی دروست كردووە بۆ ئەوەی پێش لە هەر هێرشێك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بگرێت.''

(حوسێن یەزدانپەنا)، ئاماژەی بەوەش كرد: ''ئێستا لە ناوچەكە هێزەكان بەرامبەر بە یەكن، تەقە نییە، پێشمەرگە دەستپێشخەر نابێت لە تەقەكردن، بەڵام ئەوان هەر جووڵەیەك بە ئامانجی هێرشكردن بۆ سەنگەرەكان بکەن، بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە، جا لە هەر سەنگەر و میحوەرێكەوە بێت.''

(حوسێن یەزدانپەنا)، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە ئاشكراشی كرد: ''حەشدی شەعبی و پاسدارانی ئێرانی كەوتوونەتە نێو شارەكانەوە، ماڵی خەڵك داگیر دەكەن، ماڵی هاووڵاتیان تاڵان دەكەن و دەسووتێنن، خەڵك دەگرن و دەكوژن و دەستدرێژی دەكەنە سەر نامووسی خەڵك، خەڵكیان ئاوارە و دەربەدەر كردووە، كە دەیانەوێت خەڵك و خاكی ئێمە بسووتێنن، بۆیە هەر كارێكی خراپیان لە دەست بێت، دەیكەن.''
kdp-
Top