دڵشاد شەهاب: حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی ڕەت دەکەینەوە

 	 دڵشاد شەهاب: حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی ڕەت دەکەینەوە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پێکھێنانی حکوومەتێک بە ناوی (حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی) بۆ کۆتاییھێنانی شەرعییەتە لە کوردستان، ئەمەش بە شێکی ئەو پیلانەیە، کە ناحەزان دەستیان پێ کردووە، ئەو حکوومەتەی باسی دەکەن، تەواوکەری پیلانەکەیە دژ بە ھەرێمی کوردستان گرتیانە بەر.

دوێنێ، بزووتنەوەی گۆڕان کۆ بووەوە و (9) بڕیار و ڕاسپاردەی لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستانەوە دەرکرد و ڕایانگەیاند، لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ کۆکردنەوەی ھێز و گرووپی دیکە بە ئامانجی ھەڵوەشاندنەوەی کابینەی ھەشتی حکوومەت و پێکھێنانی حکوومەتێکی ڕزگاریی نیشتمانی.

سەبارەت بە باسوخواسی پێکھێنانی حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی، (دڵشاد شەھاب) لە لێدوانیکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، پێمان وایە بەشێکی تری ئەو زنجیرە پلانانەیە، کە وا لە دژی ھەرێمی کوردستان، بۆ لەباربردن و لەناوبردنی دەزگا شەرعییەکانیەتی، ئەم حکوومەتەی ئێستا ھەیە لە زۆربەی ھەرە زۆری لایەنە سیاسییەکان پێک ھاتووە، تەنھا بزووتنەوەی گۆڕان نەبێت، کە دەوام ناکەن لە حکوومەت، لەبری ئەوەی کەوا بیر بکرێتەوە، ئەوانیش بێنەوە مەیدانی یەکڕیزیی نیشتمانی، بۆ ئەوەی کە ئێستا ئەو دامەزراوەیە، کە ھەتا ڕاددەیەکی باش ڕەنگدانەوەی یەکڕیزیی تێدا بەرجەستەیە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و ئەو ڕووداوانەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا ڕوویان داوە، ئەوانە نین کەوا بە ھەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و پەرلەمان چارە بکرێن، ئەمە بیرکردنەوەیەکی زۆر تەسکی حیزبیانەیە و بۆ سوودوەرگرتنە لە بارودۆخێک کە بەسەر کوردستاندا ھاتووە.''

(شەھاب) گوتی: ''من دڵنیام بە هەوڵی خەڵکی دڵسۆز و بە بەردەوامبوونی حکوومەت و داموودەزگا شەرعییەکان دەتوانین ئەم قۆناغە تێپەڕ بکەین، بۆیە ئەم حکوومەتە، ئەوەی کە ئێستا ھەیە لە لەبارترین کاتدایە، کە ھەموو لایەنەکان لە ناو حکوومەتدا ھەوڵ بدەن، ھەم خزمەتی ھاووڵاتیان بکەن، ھەمیش چۆن ئەو حکوومەتە بەردەوام بێت لە کارەکانی و بتوانێن، بە یەکەوە ئەم بارودۆخە تێپەڕ بکەین، بۆیە من پێم وایە دووپاتیشی دەکەمەوە، کە ناوھێنان، یان باسکردنی (حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی) مەبەست لێی ئەوەیە ئەم پیلانە، بەو بیر و شێوازەی کە ھەیە، بەوانەی کەوا لە پشتی ئەم بابەتەوە تاکە ئامانج تێیدا، لەباربردنی ئەو کیانەیە، کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە پەرلەمانی کوردستان و، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناسنامەی فەرمیی ئەو کیانەن، کە ھەرێمی کوردستانی لەسەر دامەزراوە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش کە مامەڵەمان لەگەڵ دەکات، لەگەل ئەم دامەزراوە شەرعیانە دەیکات و ئەگەر بچمە وردەکاریی یاساییەوە، لەڕاستیدا حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانی نە لەو بارودۆخەی کەوا ئێستا کوردستانی تێدایە دەبێت، نە کەسیش مامەڵەی لەگەڵ دەکات. ونبوونی شەرعییەت لە کوردستان ئێمە بەرەو تاریکاییەک دەبات، بەپێچەوانەوە دەبێ پەرلەمانی کوردستان لە کارەکانی خۆی بەردەوام بێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کارەکانی خۆی بەردەوام بێت و ھەنگاو بنرێ بۆ ئەوەی کە لە چ ئایندەیەکدا، کە بە گونجاوی دەزانن، لایەنەکان لەسەری ڕێک دەکەون و کۆمسیۆن ئامادەسازیی بۆ دەکات و ھەڵبژاردن دەکرێت، نەک دۆزینەوەی دەرفەتی وا بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەناو ببەن.''

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دەشڵێت: ''ئێمە لەسەر ئەم بناغەیە ئەم ھەوڵە ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین، چونکە پارتی پێی وایە ھیچ کێشەیەک لە ھەیکەلییەتی حکوومەتدا نییە و بەشی ھەرە زۆری لایەنە سیاسییەکان ئێستا لە حکوومەتدا کاران و کاریگەرن و کاری خۆیان دەکەن، پەرەپێدانی ئەم حکوومەتە و، پاڵپشتیی پەرلەمان و بەردەوامبوونی کارەکانیان، ئەمەیە ڕێگای دروست بۆ سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان و بۆ تێپەڕبوونی ئەو قۆناغە سەختەی کە ھاتووەتە بەردەممان.''
kdp-
Top